حەشدی سیمای کوردی لە کەرکووک و خورماتوو سڕیوەتەوە.. كاكهیی: تاوانەکانیان ھەموو سنوورێکی بەزاندووە

ھەولێر-KDP.info- دوای داگیرکردنی ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان، لەلایەن حەشدی شەعبی و ھێزی عێڕاقییەوە، پێشێلکاریەکان زەق بوونەتەوە، تەنانەت لە سیما کوردیەکەی دایان بڕاندوە، ڕۆژانە تێیدا ئیھانەی کورد دەکرێت، ئەو ڕاپۆرتانەی بە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی دەدرێت ناڕاستن، بە بەڵگە و دیوکۆمێنت پێشێلکارییەکان ھەن و پێویستە ڕاستیە ئاشکراکە بگات بە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی.
٢٥ـی ئەیلول، کورد ریفراندۆمی کرد و دەنگی ئازادانەی خۆی ھەڵبڕی دوای کەمتر لە مانگێک، حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان لە ١٦ـی ئۆکتۆبەر، ھێرشیان کردە سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، بە تهعریبکردن و ترس و تۆقاندن لە کوردەکانی ئەو ناوچانەو، وێرانکردنی ناو شارەکە و تەقاندنەوەی خانووی ماڵان و بارەگای لایەنە سیاسییە کوردییەکان و کوشتنی کوردەکان، مۆرکی کوردستانی بوونیان تەواو کاڵ کردۆتەوەو کوردیان دەربەدەر کرد لە خاکی خۆی.
پەیوەست بەم کاولکارییانەی کەرکووک و خورماتوو سەرۆکی لقی ھەولێر لە سەندیکای پارێزەران (ئەیاد کاکەیی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو تاوانانەی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارهی ھەرێم حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران و چەند ھێزێکی تر بە پاڵپشتی سوپای عێڕاقی لە ناوچەکانی خورماتوو و کەرکووک کردوویانە، تاوانی نێودەڵەتین، تاوانە نێو دەوڵەوتییەکانیش پۆڵێن دەکرێن لەسەر تاوانی دژە مرۆڤایەتی، تاوانی جینۆ ساید و تاوانی جەنگ. ئەوەی لە خوورماتوو دەبینرێت حەشدی شەعبی تاوانەکانی ھەموو سنوورێکی بەزاندووە لەسوتاندنی ماڵی خەڵک و ، ڕاگواستنی بەزۆری ھاووڵاتیانی ئەو ناوچانە یەکێکە لەو بڕگانەی لە تاوانی دژە مرۆڤایەتی، جیھان بینی ڕاگواستنێکی بەزۆرە دەست درێژی كراوهته سەر کچ و کوڕ لە دووز بە بەڵگە لەلامان ھەیە، بەڵام تا ئەو ڕادەیە قێزەونە بەھۆی کۆمەڵێک پڕانسیبی میدیاییەوە ناتوانرێ نیشان بدرێ، ھێرشکردنی حەشدی شەعبی بە ھەموو ئەو ھێزانەی کە ھەیانە بە پاڵپشتی ھێزی عێڕاقی، بەکارھێنانی ناوی ھێز بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە ناو خۆدا ھاودژە لەگەڵ ماددەی( ٩ ) لە دەستوری عێڕاق."
(کاکەیی)گوتیشی: "ڕێکخراوی پارێزەران بۆ پرسی جینۆساید، لەگەڵ ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئەمریکی مرۆیی، ئەم پێشێلکاریانە دیوکۆمێنت دەکەین و دهیگوازینەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و کاریان لەسەر دەکەین، ئەوانەی ئێستا لە یوئێن کاردەکەن شەرمەزاریان دەکەین بە دیوکۆمێنتەکان و بەو بەڵگانەی لەبەر دەستماندا ھەیە، دەرکەوت کە چۆن عێڕاق توانیویەتی ھەموو جومگەکانی نێو یوئێن بەنوێنەرایەتییەکانەوە، کە ئەوانیش تێوەگلاون لەو سیاسەتەی حکوومەتی عێڕاق جا بە گەندەڵییە یان وەرگرتنی ڕەشوەیە، نووسینی ڕاپۆرتەکانیان لە لایەن ئەو فەڵەستینی و ئەو کۆنە بەعسیانەن کە لەناو دەزگاکانی یوئێن کاردەکەن، وە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەلا ڕێدادەبەن، چونکە خۆیان بکە ر و ئەنجانمدەری تاوانەکەن، بۆیە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە درۆینانەی دەدرێـت بە یوئێن، لە دەرەوە کارمان بۆ ئەوە کردووە و ڕاپۆرتی بە بەڵگەی ڕاستەقینەوە بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەنێرین ڕاستییەکە نیشان دەدەین و بە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی و خودی یوئێن ڕادەگەیەنین کە ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستیان دەگات ناڕاستە و نوێنەرەکانیان نەیان توانیوە ڕاستیە ئاشکراکە بنێرن و بیگەیەنن و ئێمە بە پێچەوانەی ئەوانەوە بەڵگەکان دەسەلمێنین بۆیان، تۆمەتباری سەرەکیش سەرۆک وەزیرانی عێراق (عەبادی)ە."
ھاووڵاتیەکی خوورماتوو لەبەر سەلامەتی گیانی نەیویست ناوی بھێنین، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوتی: "ھێزە عێڕاقییەکان و حەشدی شەعبی لە شارەکەم ئەوەی کاری نەشیاو بێـت کردوویانە و دەست لە ھیچ ناپارێزن و تەنانەت ڕەحم بە منداڵیش ناکەن، و تەعدای نامووسیان بەرانبەر نێرو مێی ئەم شارە کردووە، ماڵ و دوکانی ماڵە کوردەکانیان ھەمووی سوتاندووە چەندین بارەگای حزبیان تەقاندۆتەوە شتێک نەماوە بە ناوی مرۆڤایەتی، خۆم ئێستا ئاوارەم لە شارێکی ھەرێمی کوردستانم، خانوەکەم سوتێنراوە و خاوەنی ھیچ نیم لەماڵی دنیا، تەنانەت دوێنی پێمیان ڕاگەیاند، ئەو ھێزەی بەناوی (سواد) کە دەڵێن جەیشی عێڕاقین، دەڵێن با کوردەکان ترسیان نەبێت بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان، دوێنێ تاڵانکاریان دەست پێکردبوو، و ئەم شەویش بەبەڵگەوە بۆمان ھاتووە ماڵ سوتێنراوە و تەقاندوویەننەتهوە، ماڵَە ھەژار ھەیە گەڕاونەتەوە، دەچنەوە سەرماڵەکەیان، تەعدایان لێدەکەن و پیاوەکانیان و دەیانکوژن، بۆیە بەھیچ شێوەیەک ھاووڵاتیانی خورماتوو ناتوانن بڕۆنەوە زێدی خۆیان."
گەنجێکی کەرکووک کە قوتابیە لە زانکۆی کەرکووک (ڕەوەند فاتیح) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشێلکاریەکانی (حەشدی شەعبی) ڕۆژ لە دووای ڕۆژ لە کەرکووک و خورماتوو لە زیاد بووندایە، ھەرچی خورماتووە بەردەوام ماڵی کوردانی شارەکە دەتەقێندرێتەوە، تەنانەت ئەو خەڵکە بە تەمەنە کوردەی لە دووز خورماتوو مابوون ھەڕەشەیان لێ کرا و لەو شارە دەرکران، لەکەرکووکیش پێشێلکاریەکان زەق بوونەتەوە، شارەکە بە تەواوی لە سیما کوردیەکەی دابڕاوە، ڕۆژانە تێیدا ئیھانەی کورد دەکرێت، بەھۆی نەبوونی ئاسایش لە گەڕەکە کوردیەکان تاکوو ئێستا زیاترلە (١٧٨) حاڵەتی نەخوازراو ڕوویداوە، پتر لە پەنجا ئەفسەری کورد لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، زۆرینەی فەرمانگەکان لە کورد وەرگیراوتەوە، بەرپرسی بەشە پزیشکیەکان کە کورد بوون سەرجەمیان لەکارەکانیان لابران، بەبیانووی بەژداربوون لە ڕیفراندۆم سەدان فەرمانبەر و ئەفسەری کورد سزا دراون، ھێزێکی زۆری دژەتیرۆری عێراقی لەگەڕەکە کوردیەکان ماون، بەردەوام ھەڵدەکوترێتە سەر ماڵە کوردەکان بەبیانوی بونی پێشمەرگە و ئاسایش لەو ماڵەدا یاخود بوونی چەک، لە ئێستادا شارەکە بەناھەموارترین دۆخی خۆیدا تێدەپەڕێت لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس."
٢٧ـی١١ـی٢٠١٧ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ وەزیرانی کابینەکەی، دەربارەی پێشێلکارییەکانی ئەو ناوچە کوردستانیانەی داگیرکراوە لە لایەن حەشدی شەعبی و ھێزی عێڕاق، گووتی "ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەپەلە ھاوکارییان پێ بگەیەنن و وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکانی حکوومەتیشی ڕاسپارد لە ھەموو ڕوویەکەوە ھاوکاریی ئاوارەکان بکەن. جەختیشی لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان کردەوە، ھەروەھا لایەنە پەیوەندارەکانی ڕاسپارد بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە و دۆکیوومێنت لەسەر ئەو تاوانانەی دژ بە خەڵکی ناوچەکە ئەنجام دراوە".
فایزە کۆیی






