هۆشیار مالو: پێویستە تاوانەكانی حەشد و داعش ببرێنە دادگایەكی نێودەوڵەتی

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی كورد دەڵێ، لە عێراق دەستوەردان لە كاروباری دادگا ھەیە و، پێویستە تاوانەكانی حەشدی شەعبی و داعش بەرانبەر بە گەلی كوردستان لە دادگایەكی نێودەڵەتی یەكلا بكرێنەوە.
رۆژانی رابردوو، نەتەوە یەكگرتووەكان پێشنیازی ئەوەیان كردووە دادگایەكی باڵا لە عێراق دروست بكرێت بۆ یەكلاكردنەوەی تاوانەكانی داعش و حەشدی شەعبی بەرانبەر بە خەڵكی سڤیل، لە ھەرێمی كوردستانیش رەت كرایەوە پرسێكی وەھا گەورە بە دادگایەكی عێراقی بسپێردرێت، لەم بارەیەوە (هۆشیار مالو)، سەرۆكی رێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤی كورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، " دروستكردنی دادگایەكی نێوخۆیی بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی داعش و حەشدی شەعبی، زیان بەو كەیسانە دەگەیەنێ، چونكە ئەگەر ئەو ھەموو تاوانە ببرێنە دادگای باڵای تاوانەكانی نێودەوڵەتی، ئەوە گەرەنتیی زیاترە و عەدالەت لەو دادگایانەدا ھەیە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكان، لە ھەموویشی گرینگتر ئەوەیە دەستوەردان لەنێو دادگا نێودەوڵەتییەكاندا نییە و ھەژموونی ھیچ كەس و لایەنێك بەسەر ئەو دادگایەنەدا ناشكێت".
پێشتر ھەریەك لە دەستەی مافی مرۆڤی ھەرێمی كوردستان و وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان، مەترسیی بەلاڕێدابردنی پرسی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی حەشدی شەعبی و تیرۆریستانی داعشیان ئاشكرا كرد، بەوەی ڕەنگە ئەو پرسە بچووك بكرێتەوە ئەگەر لە دادگایەكی نێوخۆیی كاری لەسەر بكرێت، وەك (مالو)ـیش ئاماژەی بۆ كرد، "بە ھۆی دروستبوونی ئەو بێمتمانەییەی كە ھەرێمی كوردستان متمانەی به كارهكانی بەغدا نەماوە، ئەوەیش بووەتە ھۆكار كه مەترسیی لەوە ھەبێت ئەگەر دادگایەكی نێوخۆیی پێك بێت، دەستوەردان ھەبێت لەنێو ئەو دادگایەدا، بۆیە پێویستە ھەرێمی كوردستان ھەموو گوشارێك بەكار بێنێت تا دادگایەكی نێودەوڵەتی دروست بكرێت بۆ ئەو تاوانانەی بەرانبەر بە گەلی كوردستان ئەنجام دراون".
قائید میرۆ




