٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پێشمەرگە: عەبادی توانای كۆنتڕۆڵكردنی حەشدی لە دەست داوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندیه‌كانی  وەزارەتی پێشمەرگە، وەڵامی لێدوانێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەداتەوە و ڕایدەگەیێنێت، (حەیدەر عەبادی) توانای كۆنتڕۆڵكردنی حەشدی لە دەست داوە.

لە گوتاری هەفتانەی خۆیدا، (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق باسی لەوە كردبوو كە، "ئایا حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم هێزەكانی كوردستانی لە بەردەستە؟ ئەمە مایەی پرسیارە بۆ ئێمە؟". دواتر باسی لە سەركەوتنی سەرجەم هێزە عێراقییەكان كرد بە بێ ئەوەی ناوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بهێنێت، ئەمەیش نیگەرانیی هەموو خەڵكی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی كوردستانی لێ كەوتەوە و، دوێنێیش لە شاری هەولێر خۆپێشاندان لە دژی قسەكانی (عەبادی) ئەنجام درا و پێنج فڕاكسیۆنی پەرلەمانی عێراقیش نامەیەكی نیگەرانییان داوەتە (عەبادی).

عەمید ڕوكن (هەژار عومەر)، بەرپرسی هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندیه‌كانی  وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "هێزی پێشمەرگە سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، راستە ئێمە هەندێك هێزمان هەیە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەن، بەڵام هەندێك هێزمان هەیە لە یەكەی (حەفتا و هەشتا) لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەن، ئێستایش بەرنامەیەكمان هەیە بۆ چاكسازی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی ئەو هێزانە یەك بخرێنەوە، ئەمەیش هەنگاو بە هەنگاو دەبێت، ئێمە نامانەوێت پەلە بكەین، سەبارەت بە (حەیدەر عەبادی)ـیش، كۆنتڕۆڵی بەسەر هێزەكاندا نییە، بە تایبەت میلیشیا شیعەكان كە زیاتر لە ٦٠ گرووپی میلیشیا هەیە و پێیان دەگوترێت حەشدی شەعبی، ئەمانە لە خانەقین و كەركووك كاولكارییان ئەنجام داوە و تا ئێستا زیاتر لە ٣ هەزار ماڵی كورد تەقێنراوەتەوە، ئەمانە دەبێت (عەبادی) وەڵامیان بداتەوە".

(هەژار عومەر) گوتیشی، "ئەم میلیشیایانە گرووپی جیاجیان و لە ژێر فەرمانی (عەبادی) نین، هەریەكە و ئەجێندا و بەرنامەی خۆی هەیە، بۆ نموونە پێش ئەوەی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دەست پێبكات، رێككەوتن كرا كە هێزی پێشمەرگە پاڵپشتیی هێزی عێراق بكات لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بۆ ئەوەی هێڵی یەكەمی دەشتی نەینەوا بشكێنن و هێزەكانی عێراق بتوانن بچنە ناو مووسڵ، رێككەوتنیش كرا كە پێشمەرگە و حەشد داخڵی مووسڵ نەبن، كەچی ئەو هێزانە گوێیان لەو رێككەوتنە نەگرت، كە لە نێوان هاوپەیمانان و عێراق و پێشمەرگەدا هەبوو، هەموویان چوونە ناو مووسڵ و تاوانی گەورەیشیان لە دژی خەڵكی سڤیل ئەنجام دا، كەچی (عەبادی) دەیگوت دەستوور و یاسا جێبەجێ دەكەین!".

بەرپرسی هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندیه‌كانی  وەزارەتی پێشمەرگە ده‌شڵێ، "حەشد فەرمان لە (عەبادی) وەرناگرێت، تەنیا بە ناو سەر بە حكوومەتی عێراقە، بوودجەی خەیاڵییان بۆ دابین كراوە و بەداخەوە كە حكوومەتی عێراق بووەتە حكوومەتی یەك تایفە، حكوومەتێكی شیعە هەموو شتێك بۆ خۆیان بێت جێبەجێی دەكەن، بۆ نموونە هێزی پێشمەرگە بەپێی دەستووری عێراق بەشێكە لە سیستمی بەرگری كە دەبوو لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە بوودجەیان لەلایەن بەغداوە دابین بكرابایە، بەڵام یەك دینارمان وەرنەگرتووە، كەچی بە دوو سەعات یاسای حەشدیان تێپەڕاند".

دەشڵێت، "چاوەڕوان دەكرێت هێزی حەشد بنێردرێت بۆ شەڕكردن لەگەڵ ئیسڕائیل، ئەم هێزانە بە بێ فەرمانی (عەبادی) كاتی خۆی چوبوونە سووریا و پاڵپشتیی (بەشار)ـیان كرد، ئێستایش گرووپی (ئەهلولحەق) لە سنووری سووریا و لوبنانن بە بێ ئاگاداری عێراق و پەرلەمانی عێراق جووڵەیان كردووە".

 

كارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار