٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"بەغدا زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد لە کەرکووک دەداتە عەرەبەکان"

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک دەڵێت، گرێبەستی ئەو زەوییانە ساڵی ٢٠٠٧ ھەڵوەشانەوە و درانەوە بە کوردەکان، کە ئەوان خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکان بوون، ئێستا جارێکی دیکە عەرەب ھاتوونەوە بۆ ناوچەکە و زەوییەکان لە کوردەکان وەردەگرنەوە، حکوومەتی عێراقیش گرێبەستی زەوییەکانیان بۆ نوێ دەکاتەوە.

(مەھدی موبارەک)، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کاتی خۆی لە ساڵی ٢٠٠٧ بە پێی ماددەی ١٤٠ گرێبەستە کشتوکاڵییەکان لە کەرکووک، کە ژمارەیان شەش ھەزار گرێبەست بوو، ھەڵوەشانەوە و زەوییەکان گەڕێندرانەوە بۆ کوردەکان، ئێستا عەرەبەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی عێراق نووسراوێک دێنن، کە جارێکی دیکە گرێبەستەکان نوێ دەکرێنەوە و کاریان پێ دەدرێت و لە لایەن دادگاکانی کەرکووک و پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت بڕیار دەدرێت، جارێکی دیکە ئەو زەوییانەی گرێبەست بگەڕێندرێنەوە بۆ عەرەبەکان و لە کورد وەربگیرێنەوە، ئەمەش پرۆسەیەکی دیکەی تەعریبە لە کەرکووک دەستی پێ کردووە."

سەبارەت بەوەی لە چ شوێنێک ئەو زەویانە زیاتر لە کورد وەردەگیرێنەوە، (مەھدی موبارەک) گوتی: "ئێستا پرۆسەکە لە داقووق و لەیلان و چەند ناوچەیەکی دیکە دەستی پێ کردووە و ژمارەیەکی زۆری عەرەبەکان گەڕاونەتەوە سەر زەوییەکان و بەشێک لە عەرەبەکان ئەو زەوییانەیان کێڵاوە و تۆویان کردووە و کردوویانەتەوە بە ھی خۆیان و نایدەنەوە بە کورد و ئێستاش ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی ھاتنی عەرەبەکان لەزیادبووندایە."

(موبارەک) گوتیشی: "لە لایەن پارێزگاری کەرکووک و دادگاکانەوە ئاسانکاریی زۆر بۆ عەربەکان دەکرێت و جارێکی دیکە زەوی لە کوردەکان وەردەگرنەوە."

ئەم زەوییانە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسیدا بە گرێبەست درابوون بە عەربە ھاوردەکان، کە بۆ پرۆسەی تەعریب ھاوردە کرابوون، بەڵام بە پێی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، ئەو گرێبەستانە ھەڵوەشانەوە و عەرەبەکان قەرەبوو کرانەوە و زەوییەکانیش بۆ کوردەکان گەڕێندرانەوە، بەڵام دوای ھاتنی  حەشدی شەعبی بۆ کەرکووک جارێکی دیکە زەوییەکان لە کوردەکان وەرگیراونەتەوە."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار