هەولێر.. باندێكی دزیكردن دەستگیر كران

ههولێر-KDP.info- دوای ئەوەی پۆلیس لە بوونی چەند ڕووداوێكی دزیكردن لە دەوروبەری شاری هەولێر ئاگادار كرانەوە، دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم مەبەستە كرایەوە و توانرا تۆمەتباران لە ماوەیەكی كەمدا دەستگیر بكرێن.
لەمبارەیەوە، نەقیبی پۆلیس (سیڤەر عومەر) ئەفسەری نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی بەحركە ڕایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا لە بوونی چەند ڕووداوێكی دزیكردن لە (شاوێس و پیرزین و بەحركە) ئاگاردار كراینەوە، بۆیە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكان ڕێك خرا و، لە ماوەیەكی كەمدا توانرا باندێكی دزیكردن دەستگیر بكرێن.
ئەفسەری نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی بەحركە ئاماژەیشی دا، تۆمەتباران بە ناوی (ن.ع.ع) تەمەن، (١٩) ساڵ
(ا.ح.ا) تەمەن، (١٨) ساڵ
(ا.ع.م) تەمەن ،(٢٠) ساڵ
دوای دەستگیركردنیان دانیان بە تاوانەكانیاندا نا كە بڕێكی زۆر پارە و زێڕ و ماتۆڕسكیل و كەلوپەلی ناوماڵ و ئەلیكترۆنییان دزیبوو و زۆربەی دزییەكانیشیان لە ناحیەی پیرزین ئەنجام داوە.
نەقیب (سیڤەر) دەشڵێت، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەكان ڕێك خرا و ڕەوانەی بەردەم دادوەر كرا، دادوەریش بڕیاری دا بە بەندكردنی تۆمەتباران بەپێی ماددە (٤٤٣) لە یاسای سزادان.




