٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستا و قوتابیانی زانكۆ: نه‌وه‌ی نوێی كورد، ژیانی ژێرده‌سته‌یی قه‌بووڵ ناكا

سەرچاوە: KDP.info

 

هه‌ولێر-KDP.info-  مامۆستا و قوتابیانی كۆلیژەكانی زانكۆی سه‌ڵاحەددین و زانكۆی پولی تەكنیك ناڕه‌زایه‌تیی مه‌ده‌نیانه‌ی خۆیان به‌رانبه‌ر به‌ سیاسه‌تی ''زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌''ی به‌غدا ڕاگه‌یاند و جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌، هەڵسوكەوتی سەرۆكوەزیرانی عەبادی لە دژی كوردستان دوژمنكارانەیە و دوورە لە دەستوور و یاسا و پڕەنسیپی پەیمان و وەفا و درێژەپێدەری سیاسەتی نكۆڵیكاری بەعسە لە سەدەی ڕابردوو و بگرە خەراپتریشە.

ئەمڕۆ دووشەممە، هه‌زاران خۆپیشانده‌ر كه‌ له‌ مامۆستا و قوتابیانی كۆلیژەكانی به‌ش و زانكۆی سه‌ڵاحەددین و زانكۆی پولی تەكنیك پێكهاتووه‌، دژی هه‌ڵوێسته‌كانی (عه‌بادی) درووشمی ڕەخنەئامێزیان له‌ سیاسه‌ته‌كانی بەغدا بەرز کردووەتەوە.
له‌ خۆپێشاندانه‌كه‌دا وتاری خۆپێشانده‌ران خوێندرایه‌وه‌ و تێیدا جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌، ''كە گەلی كوردستان ئازادیخوازە و خۆی لەبەرانبەر هیچ زوڵم و گوشار و زێدەڕۆییەك بە دەستەوە نادات. ئێستا جیلێك لە كوردستان پێگەییشتووە كە ئاشنای ئازادییە و شارەزایە لە دژایەتیكردنی زوڵم و چەوساندنەوە.''

ده‌قی په‌یامی ناڕه‌زایه‌تیی مامۆستا و قوتابیانی زانكۆ:

''ئێمە مامۆستا و قوتابیانی بەش و كۆلیژەكانی زانكۆی سه‌ڵاحەددین و زانكۆی پولی تەكنیك، لێرەدا كۆ بووینەتەوە بۆ ئەوەی بە دەنگێكی بەرز ئیدانەی قسەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراقی بكەین كە دژایەتیكردنی دەنگی گەلی كوردستانی بە سەركەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعش شوبهاندووە.

ئەو وتەیەی عەبادی دەرخەری عەقلیەت و جۆری بیركردنەوەی بەشێكی دەستەڵاتدارانی ئێستای عێراقە كە بە شێوەیەكی مەترسیدار دژایەتیی گەلی كوردستان دەكات. سەرباری ئەوەیش بڕیار و ڕێوشوێنەكانی حكوومەتی عێراقی لە دژی گەلی كوردستان نادەستووری و نایاسایی و سزادانی بە كۆمەڵی گەلی كوردستانە. بەكارهێنانی هێزی چەكدار و كارتی بودجە لە دژی خەڵكی كوردستان نەك تەنیا پێشێلكردنی دەستوورە، بەڵكو پێشێلكردنی هەموو عێراق و چەمكی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانە كە حكوومەتی عێراقی بەشێوەیەكی مەنهەجی كاری بۆ دەكات.

شوبهاندنی پەیامی ئاشتیانەی گەلی كوردستان بە داعش لە لایەن سەرۆكوەزیرانی عێراقی نابەرپرسیارانەی​ە و پێویستە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت. ئەو قسانەی عەبادی سووكایەتیكردنە بە دەنگی ئاشتیانە و دیموكراتیانەی سێ ملیۆن مرۆڤ، كە جگە دەربڕینی ڕای خۆی هیچی لەدژی كەس نەكردووە.  ئەوە لە حاڵێكدایە كە گەلی كوردستان زیاتر لە 1800 شەهید و دەهەزار برینداری لە شەڕی تیرۆریستانی داعش بەخشیوە و بووە بەرگریكاری هەموو جیهان. عەبادی ناتوانێ ئەو ڕاستییە بشارێتەوە كە ئەوە پێشمەرگە بوو ئەفسانەی داعشی شكاند و زەمینەی بۆ شكستی داعش خۆش كرد. ئازادكردنی مووسڵ بەرهەمی خوێنی پێشمەرگە بوو. پێشمەرگە هێڵە بەرگرییەكانی داعشی لە مووسڵ شكاند و كلیلی سەركەوتنی دایە دەست عەبادی و ڕێگەی بۆ هێزەكانی عێراقی خۆش كرد كە بچنە ناو شاری مووسڵ.

ئابڵۆقەدان و سزای بەكۆمەڵ و ئاوارەكردنی خەڵك و ئەنفالی خورماتۆ و ئەو هەڵسوكەوتەی سەرۆكوەزیرانی عەبادی لە دژی كوردستان دەستی پێكردووە، هەڵسوكەوتێكی دوژمنكارانەیە و دوورە لە دەستوور و یاسا و پڕەنسیپی پەیمان و وەفا و درێژەپێدەری سیاسەتی نكۆڵیكاری بەعسە لە سەدەی ڕابردوو و بگرە خەراپتریشە. داعش خەڵكی ئاوارە كرد و گەلی كوردستان ئاوارەكانی حەواندەوە، حكوومەتەكەی عێراقیش هاوشێوەی داعش دەیانهەزار هاووڵاتیی ئاوارە كردووە و تاوانی دەرهەق خەڵكی كوردستان ئەنجام داوە و بێ باكانە بەردەوامە لە پێشێلكارییەكانی.

لێرەدا بە عەبادی و هەموو ئەوانەی وەك عەبادی بیر دەكەنەوە، ڕادەگەیێنین كە گەلی كوردستان ئازادیخوازە و خۆی لەبەرانبەر هیچ زوڵم و گوشار و زێدەڕۆییەك بە دەستەوە نادات. ئێستا جیلێك لە كوردستان پێگەییشتووە كە ئاشنای ئازادییە و شارەزایە لە دژایەتیكردنی زوڵم و چەوساندنەوە. پێویستیشە عیبرەت لە مێژووی پڕ لە نەهامەتیی عێراق وەربگرن، هەمیشە زمانی زۆر و چەك و خۆسەپاندن لە دژی گەلی كوردستان شكستی خواردووە. ئەو ڕەفتارەی ئێستای حكوومەتی عێراقیش زۆر بە ڕوونی پێشانی دەدات كە بڕیاری گەلی كوردستان بۆ ڕیفراندۆم زۆر ڕاست و لە شوێن خۆیدا بووە.''

زریان زیاد

هەواڵی پەیوەندیدار