٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كەمپینی داكۆكیكردن لە خورماتوو: بە فەرمانی عەبادی، ھێز دژی خەڵكی سڤیل بەكار ھێنراوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  ژمارەیەك چالاكی مەدەنی و رۆشنبیر و كەسایەتیی كوردستان، كەمپینێكیان بۆ داكۆكیكردن لە خورماتوو پێك ھێناوە و یەكێك لە رێكخەرانی كەمپینەكەیش دەڵێ، ماوەی سێ ساڵە لە خورماتوو تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە ھەمبەر ھاووڵاتیانی كورد ئەنجام دەدرێت.

(بەھرە حەمەڕەش) رێكخەری كەمپینی داكۆكیكردن لە خورماتوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "گەلی كوردستان ئەمڕۆ لە ناوچەكانی خورماتوو- كەركووك لە بەردەم ھەڕەشەی تیرۆر و جینۆسایددایە، ماوەی سێ ساڵیشە لە خورماتوو تاوان بەرانبەر خەڵكی سڤیلی كورد ئەنجام دەدرێت. تا ئێستا زیاتر لە ١٦٨ھەزار و ٣٧٢كەس لە كەركووك و ناوچەكانی دەوروبەری بە ھۆی توندوتیژییەوە ئاوارە بوون. هەروەها زیاتر لە ٨ھەزار خێزان تەنیا ئاوارەی خورماتوون كە ئێستا لە دۆخێكی ناھەمواردان و بە بێ ھەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەكان، ژیان بەسەر دەبەن".
وەك رێكخەری كەمپینی داكۆكیكردن لە خورماتوو ئاماژەی دا، "داوا لە پەرلەمانی عێراق و دادگای ئیتیحادی دەكەین، كە دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم پرسانە بكاتەوە، لێپرسینەوە لەو لادانانەی (حەیدەر عەبادی) لە دەستووری عێراق بكات، ھاوكات داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكراوە مرۆییەكان دەكەین، بە ھانای خەڵكەوە بچن و سنوور بۆ دەستدرێژییەكانی میلیشیا و ھێزە چەكدارەكانی حكوومەتی عێراق بەرانبەر بە خەڵكی سڤیل دابنێن".
رێكخەرەكەی كەمپینی داكۆكیكردن لە خورماتوو دەشڵێ، ئێمە لە كەمپینی داكۆكیكردن لە خورماتوو، چوار خاڵمان بۆ رای گشتی خستووەتە ڕوو كە بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:
1- (حەیدەر عەبادی) دەستووری عێراقی پێشێل كردووە، بەوەی كە بۆ كێشە ناوخۆییەكان ھێزی سەربازیی دژی خەڵكی كوردستان، بەكار ھێناوە، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا كوردستان، بەشێكە لە عێراق.
2- ھێزی عێراقی، بە فەرمانی (حەیدەر عەبادی) جووڵێنراوە و تاوانی دژەمرۆییان لە خورماتوو و كەركووك، ئەنجام داوە. كوشتن، تاڵانكردن، سووتاندن و تەقاندنەوەی خانوو و ئاوارەكردنی خەڵك لە ماڵوحاڵی خۆیان، بەشێكە لەو تاوانانە.
3- عەبادی ھێزی پێشمەرگەی بە داعش چواند، لە كاتێكدا پێشمەرگە رۆڵی سەرەكیی لە پاراستن و رزگاركردنی خاكی عێراقدا ھەبووە و شەڕی دژی تیرۆری كردووە.
4- دادگای عێراق بڕیاری داوە، كە ھەموو ئەو بڕیارانەی لە دەرئەنجامی ریفراندۆم دراون ھەڵبوەشێنەوە، بەڵام تا ئێستا (حەیدەر عەبادی) پێیەوە پابەند نەبووە.

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار