٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەزاران قوتابیی زانکۆ، دژ بە سیاسەتەکانی عەبادی ناڕەزایەتییان دەربڕی

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ دووشەممە، هەزاران قوتابیی زانکۆکانی هەولێر بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین لە دژی ناونەهێنانی پێشمەرگە لە دواوتاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، رژانە سەر شەقامەکان و (عەبادی)ـیان بە شۆڤێنی ناو برد.


خۆپیشانده‌ران دژی هه‌ڵوێسته‌كانی (عه‌بادی) درووشمی ڕەخنەئامێزیان  له‌ سیاسه‌ته‌كانی بەغدا بەرز کردووەتەوە. درووشمەکان گوزارشتن لەوەی کە له‌ كاتێكدا ھێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ھێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێم، یه‌كه‌مین هێز بوون له‌سه‌ر زه‌وی توانییان ئوستوورەی داعش بشكێنن و ناوچه‌كان له‌ چنگی تیرۆریستان ڕزگار بکەن.

(ئالان عەلی) قوتابییەکی زانکۆیە و ئامادەی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆیە، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان سەدان شەهیدیان لە بەرگریکردن لە خاک دژ بە تیرۆریستانی داعش داوە، کەچی (عەبادی) بە ناونەهێنانی پێشمەرگە ناخی شۆڤێنیەتی خۆی پیشانی هەموو جیهان دا".

سەرۆکوەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) پێرێ شەممە، لە وتارێکیدا مژدەی کۆتاییهێنانی داعشی لە عێراقدا راگەیاند و سوپاسی هێزە عێراقی و میلیشیاکانی کرد و ناوی پێشمەرگەی نەهێنا، لە کاتێکدا نزیکەی ٢ هەزار پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستاندا شەهید بوون و زیاتر لە ١٠ هەزار پێشمەرگەی تریش بریندار بوون.

هەرچەندە دواتر لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، (عەبادی) ناوی پێشمەرگەی بۆ تویتەکەی زیاد کرد، بەڵام (ئەحمەد سەلام) کە بەشداربووی خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆیە، پێیوایە دەرەنجامی ئەوەیە کە خودی (عەبادی) دواتر هەستی بەو هەڵەیەی کردووە، کە ناوی پێشمەرگەی نەهێناوە، چونکە نەک لە ئاستی هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە لایەن وڵاتانی هاوپەیمانی بۆ شەڕی تیرۆریستانی داعش، رووبەرووی رەخنە دەبووەوە، بۆیە بە ناچاری ناوی پێشمەرگەی زیاد کردووە، "ئەو کە سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتەیە، نەدەبوا جیاکاریی بکردایە و بەو شێوە ئاشکرایە دژایەتی و رق و کینەی خۆی بەرامبەر کورد دەربخستایە".

خێڵان بەختیار
 

هەواڵی پەیوەندیدار