کورد دەبێ بچێتە ناو ژوورەکانی "تینک تانک"ـەوە

هەولێر-KDP.info- رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری رابردوو، کوردی راچڵەکاند. ئەوان، چاوەڕێی پشتگیریی یان بەلانی کەمەوە بێلایەنیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییان دەکرد، بەڵام ئەمە نەهاتە دی. ئێستا بەشێکی زۆر لە ئاکادیمیسانی سیاسیی کورد پێیان وایە، دەبێ بە سەرلەبەری پێوەندییەکانیاندا بچنەوە و لە دەرگای ژوورەکانی "تینک تانک" بدەن.
بە درێژاییی ماوەی شەڕی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دژ بە تیرۆریستانی داعش، کورد رۆژەڤی میدیا جیهانییەکانی گرتبوو و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هاوسۆز بوون لەگەڵ کورد و، ترافیکی دیپلۆماسی بە تەواوی لە فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر و کۆبوونەوەکان دەبیندرا.
کورد کە خۆی بە گەورەترین مافخوراوی سەدەی رابردوو دەزانێ، بناغەی ئاسۆی ئامانجەکانی لەسەر بنەمای ئەو ترافیکە دیپلۆماسیانە دانا و بەشێک لە سیاسییەکان جەختیان کردەوە، ئێستا لە قۆناغی پۆست فیدراڵیدان. هەر بۆیە قۆڵیان لێ هەڵماڵی و لە ٢٥ـی ئەیلوولی رابردوو، راپرسی بۆ سەربەخۆییی کوردستان بەڕێوە چوو و زیاتر لە ٩٢% بەشداربووان دەنگیان بە جیابوونەوە لە عێراق دا. ئەم سەرکەوتنەی کورد زۆری نەخایاند و لە شەوی ١٦ی ئۆکتۆبەری رابردوو، سوپای عێراق بە هاوکاریی حەشدی شەعبی لەشکرکێشیی بۆ سەر کورستان کرد و ئێستا زۆربەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی بەغدادایە.
کورد و وڵاتانی رۆژئاوایی
زۆربەی هەڵگرانی بڕوانامەی زانستە سیاسییەکان، جەخت لەوە دەکەنەوە پێویستە کورد ئەزموون لە رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر وەربگرێ.
(پەروێز رەحیم) هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکان، پێی وایە رووداوەکان نیشانیان دا کورد بەو هۆیەوە کە دەوڵەت نییە، لە بچووکترین کێشەدا دەرگاکان بە ڕوویدا دادەخرێن.
ئەو کە مامۆستایە لە زانکۆی سەلاحەددین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان مامەڵەی دەوڵەت - دەوڵەتمان لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەکرد و دەرکەوت ئەمە هەڵەیە، بۆیە پێویستە بە سەرلەبەری پێوەندییەکانماندا بچینەوە. کورد خاوەن دەوڵەت نییە و کەوایە دەبێ پێوەندییەکانمان لەسەر بنەمای میکانیزمێکی دیکە بنیات بنێینەوە."
دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لەشکرکێشییان بۆ سەر کوردستان کرد، بە روونی دەرکەوت ئێران بە وەکالەت شەڕ لە پێناو بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە عێراقدا دەکات. دوای دەرکەوتنی وردەکاریی رووداوەکان، چەند وڵاتێکی رۆژئاوایی وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا هاتنە سەر خەت و داوایان کرد لە چوارچێوەی عێراقدا هەموو مافێکی کوردان بەپێی دەستوور پارێزراو بێت، تەنانەت (ئیمانوێل ماکرۆن) سەرۆکی فەرەنسا جەختی لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ لە دەستووری هەمیشەییی عێراق کرد.
(پەروێز رەحیم) دەڵێ، "پێوەندییەکانی کورد لەگەڵ حکوومەتەکان بووە و لە ئەگەری گۆڕانکاری لەو حکوومەتانەدا، هەموو پێوەندییەکانی ئێمە دێتەوە سەر سفر. کەوایە دەبێ بچینە ناو ژوورەکانی تینک تانکەوە و قووڵاییی ستراتیژمان لەوێ بێت."
ئەو ژوورانە، بە داڕێژەرانی پشتی پەردەی سیاسەتی گشتیی وڵاتان ناسراون و نفوز و کاریگەرییان لەسەر زۆربەی حکوومەتە یەکلەدوای یەکەکان هەیە.
(عومەر نورەدینی) یاریدەری پرۆفیسۆر لە زانستە سیاسییەکان، لەگەڵ بەشێکی قسەکانی (پەروێز رەحیم) هاوڕایە. ئەو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "دەرکەوت بەریتانیا لە رێگەی ئێرانەوە رۆڵی بەرچاوی لە عێراقدا گێڕاوە. پێویستە حکوومەتی هەرێم کۆبوونەوەی زیاتر لەگەڵ بەریتانیا بکات و جەخت بکەنەوە نابێ سیاسەتەکانی بەریتانیا لەسەر حیسابی مافەکانی کورد و قەوارەی کوردستان بێت."

هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ
لەشکرکێشیی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کە بە پێشچاوساغی چەند کەسێکی حزبێکی کوردی بووە، ئاشکرای کرد ئەمەریکا بە رادەی ئێران کاریگەری لەسەر عێراق نییە.
(عومەر نوردەینی) کە جێگری سەرۆکی زانکۆی لوبنانی فەرەنسییە، لەگەڵ ئەو بۆچوونەدایە و پێی وایە، وڵاتانی ناوچەیی کاریگەرییان لەسەر سیاسەتەکانی بەغدا هەیە و، بۆیە نابێ هەرێمی کوردستان رۆڵی ئەو وڵاتانە لەبەرچاو نەگرێت.
(نورەدینی) دەڵێ، "بۆ کورد گرینگە پێوەندیی لەگەڵ ئەورووپا و ئەمەریکا هەبێت، بەڵام ئەوانە هەرگیز نابنە جێگرەوەی قورساییی پێوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیی و، نابێ پشت بکەینە بوونی ژیۆپۆلتیکی ئەو وڵاتانە."
هاوکات (پەروێز رەحیم) جەخت دەکاتەوە، وەکچۆن دەبێ کورد لە وڵاتانی رۆژئاوایی و ئەمەریکادا بچێتە ناو ژوورەکانی تینک تانکەوە، هەمان شێوەی سیاسەتی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیی هەبێت.
ئەو بە ماڵپەڕی پارتی دەڵێ، "دەکرێ ئەو شێوە سیاسەتە بە ناڕاستەوخۆیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بکرێت، ناکرێ پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی چەند کەسێکەوە و لەگەڵ باڵێکی ناو وڵاتانی دراوسێمان بێت، دەبێ پێوەندییەکانمان بە رێکخراو بکەین."
ئاکادیمییە سیاسییەکان ئەو رەخنانەیان لە پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا هەیە، بەڵام سیاسییەکان نایشارنەوە ئەگەر "خیانەتی" چەند کەسێکی ناو حزبێکی کوردی نەبووایە، هەرگیز دۆخەکە بە ئێستا نەدەگەیشت.
کاوە جەم





