٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"غروور، سەری عەبادی دەخوات"

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info-  ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، پێشتر سەرۆكوەزیرانی عێراق تكای لە ھێزی پێشمەرگە دەكرد لە شەڕی رزگاركردنی مووسڵدا بەشداری بكەن، ئێستایش لووتی بەرز بووە و ناوی پێشمەرگە ناھێنێت، بەڵام با دڵنیا بێت بۆی ناچێتە سەر و ئەو غروورییە سەری دەخوات.

لە بەردەوامیی دژایەتیكردنی ھەرێمی كوردستان لە سزادان و بەكارھێنانی ھێز و ئامادەنەبوونی بۆ گفتوگۆكردن، سەرۆكوەزیرانی عێراق لە كۆتاییھاتنی شەڕی داعشدا بە ھیچ شێوەیەك باسی قارەمانەتیی ھێزی پێشمەرگە نەكرد و، بگرە گوتی كە عێراق بەسەر ریفراندۆمی ھەرێمدا سەركەوتوو بووە، بۆیە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە "ئەو غروورەی سەرۆكوەزیران سەری دەخوات"، چاودێران ئاماژە دەدەن کە رژێمی بەعس و سەركردە دكتاتۆرە عەرەبەكانی وڵاتان تا سەر بەردەوام نەبوون و، بە ھەمان شێوە ئەویش ناتوانێ بەردەوام بێت.

ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەو ڕقوكینەیەی لە بەرانبەر پێشمەرگەدا لە دڵیدا بوو، بە تەواوەتی ئاشكرای كرد، بەداخەوە سەرۆكوەزیران ھەمان ئەو كەسەیە بۆ رزگاركردنی مووسڵ تكای لە ھێزی پێشمەرگە دەكرد لەگەڵیان بەشداری بكەن، ئێستایش (مەغروور) بووە، بەڵام با دڵنیا بێت ئەو غروورەی سەری دەخوات، لەبەر ئەو جۆرە مامەڵەیە بۆ ھیچ سەركردەیەكی عەرەب نەچووە سەر تا بۆ ئەو بچێتە سەر".
(عەبدوڵڵا) گوتیشی، "ئەو كارەی (حەیدەر عەبادی) كردی، بەئەنقەست بووە و باس لەوە دەكات كە بوودجە نانێرێت و پێشمەرگە دەردەكات و خەڵك دەكوژێت، هەروەها دەڵێ كە ئەوەی رژێمی بەعس نەیكردووە ئەو دەیكات، بۆیە پێویستە كورد خۆی رێك بخاتەوە و لەگەڵی دانیشێ، گەر ئەو دەیەوێت وەكوو رژێمی بەعس دژایەتیی كورد بكات، با ھەرێمیش دژایەتیی ئەو بكات و بزانین چۆن مامەڵە بكەین، بۆیە پێویستە ئەوە لەگەڵ حكوومەتی عێراق یەكلا بكرێتەوە".

فەرماندەیەکی پێشمەرگە، باسنەكردنی رۆڵی ھێزی پێشمەرگە لە كۆتاییھاتنی شەڕی داعشدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە هێزە عێراقییەكان توانای ھێزی پێشمەرگەیان نییە، بۆیە رقیان لە پێشمەرگەیە و، دەڵێ "با دڵنیا بن سەركەوتن پشكی ھێزی پێشمەرگەیە و شكستیش ھەر بۆ ئەوانە و ھێزی پێشمەرگە بەمە رۆڵی كەم نابێتەوە".
بەرپرسی میحوەری باشیكی ھێزی پێشمەرگە (حەمید ئەفەندی)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی هەروەها ڕایگەیاند، "ئەوەی حكوومەتی عێراق دەیكات دوژمنایەتیكردنی ھێزی پێشمەرگەیە و، دەزانن گەر پێشمەرگە نەبووایە ئەوان دەیانتوانی ھەموو كارێك بەرانبەر ھەرێمی كوردستان بكەن، بۆیە نایانەوێت باسی قارەمانەتیی ھێزی پێشمەرگە بكەن، بەڵام ھێزی پێشمەرگە لەسەر ئاستی جیھان ناو و دەنگی خۆی ھەیە و ھەموو وڵاتان شایەتی ئەوەن ھێزی پێشمەرگە بوو داعشی لەناو برد نەك ھێزە عێراقییەكان، ھەر لەبەر ئەوە ئەمە ھیچ لە رۆڵی ھێزی پێشمەگە كەم ناكاتەوە".

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار