٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەكتەبی سیاسی، یادی 65 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتان پیرۆز دەكات

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پەیامێكدا یادی 65 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان پیرۆز دەكات.

ئەمەیش دەقەكەیەتی:

 بەڕێزان سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتارییەت و هەڤاڵانی ئەنجوومەنی باڵای یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان..

بە بۆنەی (65)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتییە تێكۆشەرەكەتان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و كادیر و ئەندامانی یەكێتیی ئافرەتان و سەرجەم ئافرەتانی كوردستان دەكەین، هیوادارین هەمیشە هەر لە پێشڕەوی و سەركەوتندا بن و لە هەوڵ و كۆشش و كار و چالاكییەكانتان بەردەوام بن بۆ دابینكردنی گشت مافەكانتان لە ئازادی و یەكسانی و خۆشگوزەرانیدا.

یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بەر لە (65) ساڵ لە (11/12/1952) بە پاڵپشتی و بڕیاری سەركردە و رێبەری نەتەوەییمان (بارزانی نەمر) دامەزرا، لەو هەلومەرجەی ئەوسادا ئەو بڕیارە وەرچەرخان و دەسكەوتێگی دیكەی هەرە گرنگ و بایەخدار بوو بۆ سەرجەم توێژی ئافرەتان و وەك سەكۆیەكی كاریگەر توانی بەو تەمەنە دەوڵەمەندەی رۆڵی دیار و بەرچاوی خۆی شانبەشانی تێكۆشانی رزگاریخوازانەی گەلەكەمان و بزووتنەوە سیاسییەكەی لە گشت قۆناغ و شێوازەكانی خەبات و كۆڵنەداندا ببێنێ و گەلێك دەسكەوتی بەنرخیش بەدەست بێنێ، لەو رووەوەیش قوربانیی زۆر دراوە و بەردەوامیشن لەو رێگایەدا.

توێژی كاریگەری ئافرەتان بەپێی ئەو پانتایی و پێگە هەستیارەی هەیانە لەنێو كۆمەڵگەدا، چ وەك ئەوەی ئەرك و كارێكی چارەنووسسازیان لە ئەستۆدایە و چ وەك سەنگ و كاریگەرییەكەیشیان بەسەر خێزان و كۆمەڵگەو پێشكەوتن و بونیاتنانی ئاییندەوە، دەخوازێت لەوە زیاتر پێگەیان بەرچاو بگیرێت و لە رێی یاساوە مافیان پارێزراو بێت و رۆڵ و بەشدارییان زیاتر بێت لە هەموو روویەكەوە.

رۆڵی بەرپرسانەی ئێوە و یەكێتیەكەتان زۆر گرینگ و بایەخدارە، بە تایبەتی لەو قۆناغە نەخوازراو و چارەنووسسازەی ئەمڕۆماندا شانبەشانی رۆڵەكانی گەلەكەمان بۆ داكۆكیكردن و پاراستنی ئەو ئەزموونەو دەسكەوتەكانمان و دەربازبوون لەو ئاستەنگ و تەحەدیانەی لە ئارادان و گەییشتنی گەلەكەمان بە كەناری ئارامی..

جارێكی دیكە وێڕای پیرۆزباییمان، پاڵپشتی و پشتیوانیی تەواوی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئێوە و یەكێتیەكەتان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین هەردەم پێشەنگ و پێشڕەوی بزاڤی ئافرەتانی كوردستان بن بۆ بەرجەستەكردن و بەدەستهێنانی گشت ماف و داخوازییە رەواكان، هەروەها وەكو هەمیشە ئەو دەنگە زوڵاڵ و راستەقینەیە بن، كە شەستوپێنچ ساڵە بە شانازییەوە گەشە دەكات و پەرە دەستێنێ و لەهەر قۆناغ و سەردەمێكیشدا وەڵامی واقیعیانە و گونجاوی خواست و ویستەكانی ئافرەتان و كێشە رەواكانیانن.

سڵاو لەو كاروانە شەستوپێنج ساڵ نەسرەوتووەی تێكۆشان و پڕبەخششەی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان.. ئومێدی بەردەوامی و بەرەوپێشچوونتان بۆ دەخوازین و هەر سەركەوتوو بن ..

 

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

11/12/2017

 

هەواڵی پەیوەندیدار