لە ھەولێر، کەمپێک بۆ ئاوارەکانی کەرکووک و خورماتوو دروست دەکرێت

ههولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی ئاوارەکانی کەرکووک و خورماتوو لە پارێزگای ھەولێر دهڵێ، پلان ھەیه کەمپێک بۆ ئاوارەکانی کەرکووک و خورماتوو لە سنووری پارێزگای ھەولێر دروست بکرێت. گوتیشی كه، حکوومەتی بەغدا ھاوکارییان ناکات.
(حوسێن کەلاری) سەرۆکی لیژنەی ئاوارەکانی کەرکووک و خورماتوو لە پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ژمارەیەکی بەرچاو لە ئاوارەکانی شاری کەرکووک و قەزای خورماتوو روویان لە ھەولێر کردووە و، تا ئێستا ١٢ ھەزار و ٥٠٠ کەس لای ئێمە تۆمار کراون، جگە لەو ژمارەیەش ئاوارەی دیکە ھەن تۆمار نەکراون، زۆربەی ئاوارەکانیش لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی کەرتی تایبەتدا نیشتەجێبوونە و ئێستا خاوەن پڕۆژەکان داوای خانووە و یەکە نیشتەجێبوەکانیان دەکەنەوە.''
سەرۆکی لیژنەی ئاوارەکانی کەرکووک خورماتوو ئاماژەیشی دا، كه لە ئێستادا سەرقاڵی ئەوەن جێوڕێی دیکە بۆ حەواندنەوەی ئاوارەکان دابین بكهن و دهشڵێ ''بە نیازین بۆ ئەو ئاوارانەیشی باری داراییان باش نییە کەمپ دروست بکەین، ئەوانەشی گوزەرانیان باشە دەتوانن خانوو بۆ خۆیان بەکرێ بگرن، بەڵام دروستکردنی کەمپ پێویستی بە کات و پارە ھەیە لەبەرئەوە دەکەوێتە ساڵی داھاتووهوه.''
ئهو دهڵێ، حکوومەتی عێراق، جگە لە دابەشکردنی بڕێک لە خۆراکی وشک، ھیچ ھاوکاریێكی دیكهی ئاوارەکانی نەکردووە، ههڵبهته تەنیا لە رێگەی رێکخراوە نێوخۆیی و بیانییەکان ھاوکاری بەسەر ئاوارەکاندا دابەش دەکرێت و، کۆنسووڵخانەی فەڕەنسایش یەکێکە لەو وڵاتانەی ھاوکار بوونە.''
قائید میرۆ




