یەكێتیی مامۆستایانی جیهان، سەركۆنەی كردەوەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە كوردستانییەكان دەكات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان دەڵێ، یەكێتیی مامۆستایانی جیھان لە نامەیەكدا بۆ یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، سەركۆنەی كردەوەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە كوردستانییەكان دەكات و، داوایش دەكەن بە زووترین كات خەڵكی ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان (ئەحمەد گەرمیانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان پێش ماوەیەك راگەیێندراوێكی لەبارەی ڕووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر بۆ رای گشتی بڵاو كردەوە و كۆپییەكیشی بۆ یەكێتیی مامۆستایانی جیھان نارد، كە بارەگاكەیان لە برۆكسلە و نوێنەرایەتیی ٣٢ ملیۆن مامۆستا دەكات لە جیھان و ٤٥٠ ڕێكخراویش لەوێ ئەندامن، كە تێیدا ئامارێكی وردمان لەبارەی ئاوارەبوونی مامۆستایان و قوتابیان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئامادە كرد و ئەو زوڵمەی حەشدی شەعبی لە خەڵكی ئەو ناوچانەی كرد ئاڕاستەی ئەوانمان كرد، ئەوانیش ئێستا وەڵامیان داوینەتەوە و پشتگیری لە ئێمە دەكەن و سەركۆنەی ئەو كارە دەكەن كە لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دژی خەڵكی ناوچەكە كراون".
(گەرمیانی) گوتیشی، "ھەر لە نامەكەی یەكێتیی مامۆستایانی جیھاندا، داوا دەكەن دۆخی ئەوناوچانە ئاسایی بكرێتەوە و خەڵكی ناوچەكە بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان وقەرەبووش بكرێنەوە، هەروەها جارێكی دیكەیش خوێندن دەستی پێ بكرێتەوە بە تایبەت خوێندنی كوردی، چونكە ئەوان زەرەرمەندی یەكەم بوونە".
سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، "رێكخراوی عەرەبی بۆ پەروەردەیش، بەیاننامەیەكیان لەو بارەیەوە بڵاوكردووەتەوە و بڕیارە ئێمەیش وەكو یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە وڵاتی سوودان بەشداری لە كۆنفڕانسێكدا بكەین كە لەلایەن رێكخراوی عەرەبی بۆ پەروەردە بەڕێوە دەچێت و بە جلوبەرگی كوردی و ئاڵای كوردستان بەشداری دەكەین و لەوێیش بەیاننامەیەك بڵاو دەكرێتەوە و داوا دەكەن بە زووترین كات ھەردوو حكوومەتی ھەرێم و بەغدا گفتوگۆ بكەن و كێشەكانی نێوانیان چارە بكەن، هەروەها سزاكانی سەر ھەرێمیش ھەڵبگرن".
بڵند ئیبراھیم




