٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قوتابییانی کورد ڕێگەیان نەدا سوپای عێراق ئاھەنگ لە نێو زانکۆی کەرکووکدا بگێڕێت

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- بڕیار بوو ئەمڕۆ ھێزە عێراقییەکان لە نێو زانکۆی کەرکووکدا ئاھەنگی سەرکەوتنی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەنجام بدەن، بەڵام قوتابییانی کورد دەوامی زانکۆیان بایکۆت کرد و ڕێگەیان نەدا سوپای عێراق و ملیشیاکانی حەشدی شەعبی ئاھەنگ بگێڕن لە نێو زانکۆدا.

(ئەحمەد سەمەد)، نوێنەری قوتابییانی مانگرتووی کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە چەندین جارە میلیشیای حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دەیەوێت ئاھەنگی سەرکەوتنی خۆی لە نێو حەرەمی زانکۆی کەرکووکدا بەڕێوە ببات و ژمارەیەک قوتابیی عەرەب و تورکمانیش ھاوکاریی ھێزە عێراقییەکان دەکەن بۆ سازکردنی ئەو ئاھەنگە، بەڵام ئێمە بەشێکی زۆری قوتابییانی کورد ڕێگریمان کردووە لەوەی ھیچ ئاھەنگێک بەو بۆنە ڕەشەوە لە نێو زانکۆی کەرکووکدا بەڕێوە بچێت."

نوێنەری قوتابییانی مانگرتووی کەرکووک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دوێنێ سوپای عێراق و ھێزە عێراقییەکان بۆ چاوترساندنی قوتابییانی زانکۆی کەرکووک ژمارەیەک تانک و ھامەری سەربازییان ھێنایە ناو حەرەمی زانکۆ تا ئەمڕۆ دووشەممە ئاھەنگی سەرکەوتنی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەنجام بدەن، بەڵام قوتابییانی خۆڕاگری کورد لە ھامەر و تانکی ھێزە عێراقییەکان نەترسان و ڕژد بوون لەسەر ھەڵوێستی خۆیان."

(ئەحمەد سەمەد) دەڵێت: "دوێنێ ئێمە وەک قوتابییانی مانگرتوو بۆ ئەوەی پیلانی سوپا سەر نەگرێت، بڕیارمان دا بایکۆتی دەوامی زانکۆ بکەین، ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر کەم لە قوتابییان چوونەتە سەر دەوامی خۆیان و بە ھۆی بایکۆتی قوتابییانی کوردەوە ئاھەنگەکەی عێراق سەری نەگرت و سبەی دەگەڕێینەوە دەوامی خۆمان."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار