٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مامۆستایانی زانكۆ: كورد دۆستی ماوە و ئەو دۆستایەتییەیش بەردەوام دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

 

سۆران-KDP.info- مامۆستایانی زانكۆ لە سۆران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، فەڕەنسا مێژوویەكی كۆنی لەگەڵ كوردستاندا هەیە، هەر بۆیە ئەو وڵاتە بەردەوام لە هەوڵدایە كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور چارە بكرێن. باوەڕیشیان وایە كە، سەردانی سەرۆكی حكوومەت بۆ فەڕەنسا، پەیامێكە بۆ بەغدا كە كوردستان بە تەنیا نییە.

(د. سابیر خەلیل) مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "سەرۆكی حكوومەت و شاندی یاوەری بە داوەتی فەرمی سەردانی فەڕەنسایان كرد، فەڕەنسا بەردەوام هاوكاریی هەرێمی كوردستانی كردووە و مێژوویەكی كۆنی لەگەڵ كوردستاندا هەیە، لە كاتی هاتنی داعشدا زۆر یارمەتیی كوردستانی دا و سەرۆكی ئەو وڵاتەیش لە هەوڵدایە كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور چارە بكرێن، بۆیە سەردانی شاندی حكوومەت بۆ فەڕەنسا دەرفەتێكی باش دەبێت كە هەولێر و بەغدا لەسەر كێشەكان بگەنە ڕێككەتن".

(خەلیل) ئەوەیشی گوت، "فەڕەنسا وەك هێزێكی كاریگەری جیهان، كە ئەندامێكی هەمیشەیی ئاساییشی نێودەوڵەتییە، كاریگەرترین هێزی یەكێتی ئەورووپایە، لەو سەردانەی شاندی حكوومەتدا دیار بوو كە هێشتا كورد دۆستی ماوە و ئەو دۆستایەتییەیش بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەی پەیامێكە بۆ بەغدا كە كوردستان بە تەنیا نییە و وڵاتانی جیهان بە گرینگییەوە تەماشای سیسته‌میسیاسیی كوردستان دەكەن".

هاوكات (د. عادل شێروان)، مامۆستای زانكۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، "كێشەكانی عێراق هەموو گرێ دراون بە دەستوورەوە، كاتێك كە عێراق دەستووری وەكوی خۆی جێبەجێ نەكرد، هەر ئەوە بوو وای كرد كە كورد پەنا بۆ ریفراندۆم ببات، ئەگەرنا عێراق بیەوێت بەهێز بێت، دەبێت پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئاسایی بكاتەوە و دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ بكات، نەك ئەوەی لە بەرژەوەندیی ئەوان بێت جێبەجێی بكەن و ئەوەی لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان بێت، پشتگوێی بخەن".

(شێروان) ئاماژەیشی دا، "سەردانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ فەڕەنسا، سەردانێكی گرینگ بوو و لە كاتێكی هەستیاریشدا بوو، كە سەرەتایەكی باشە و لە داهاتوودا دەرگای دیكە دەكاتەوە و وڵاتان زیاتر پشتگیری لە كوردستان دەكەن، ئەوەیش نامەیەكە بۆ عێراق كە كورد بە تەنیا نییە و دەبێت عێراق بەپێی دەستوور كێشەكان چارە بكات".

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار