فەرەنسا دوو پەیام ئاراستەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات

هەولێر-KDP.info- دەوڵەتی فەرەنسا لە سەردەمی سەرۆکە گەنجەکەیدا، (ئیمانوێل ماکرۆن)، بە گوڕ و تینی زیاترەوە دەیەوێت بێتەوە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت عێراق، هەربۆیەش زۆر بەڕوونی دوو پەیامی ئاراستەی حکوومەتەکانی بەغدا و هەولێر کرد.
(ئیمانوێل ماکرۆن)، سەرۆککۆماری فەرەنسا لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییە هاوبەشەکەیدا لەگەڵ (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات کە خوازیاری "عێراقێکی بەهێز" بوو، داوای جێبەجێکردنی تەواوی دەستووری هەمیشەییی عێراقی کرد و جەختیشی کردەوە "خۆشحاڵ"ە بەوەی (نێچیرڤان بارزانی) و (قوباد تاڵەبانی) بە یەکەوە لە کۆشکی (ئێلیزە) دەبینێت.
هەڕهشەیەک بۆ عێراق و ئامۆژگارییەک بۆ کوردستان
سەرۆکی فەرەنسا زۆر بە ڕوونی و ڕاشکاوانە قسەی کرد و شارەزایانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێیان وایە ئەو سەرکردە گەنجە پەیامی خۆی بە تەواوی بە حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا گەیاندووە.
(عومەر نوورەدینی)، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و جێگری سەرۆکی زانکۆی لوبنانی – فەرەنسی لە هەولێر، لێدوانەکەی (ماکرۆن) شەنوکەو دەکات. (نورەدینی) کە بڕوانامە زانستییەکەی لە بواری پێوەندیی نێودەوڵەتییە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "سەرۆکی فەرەنسا لە حکوومەتی بەغدای دووپات کردەوە، ئەگەر دەیەوێ پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام بن، پێویستە دەستوور جێبەجێ بکرێ و عێراق بە دەستوور بەهێز بێت، نەک هێزی چەکداری و ملیشیاکان. ئەمە پەیامی فەرەنسا بوو بۆ حکوومەتی بەغدا."
(حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە دەسەڵاتی فیدراڵی لە هەموو ناوچەیەکی وڵات بچەسپێندرێ و ئەمەش بە کارێکی دەستووری دەزانێت. کورد پێشوازی لەو کارە دەکات، بەڵام ڕەخنەی جیدیشی لەوە هەیە (عەبادی) بە پێی بەرژەوەندیی خۆی ماددە دەستوورییەکان جێبەجێ دەکات و جیا لەمەش، تا ئێستا ٥٥ ماددەی دەستووری هەر جێبەجێ نەکراون.
(عومەر نورەدینی) باس لە پەیامی فەرەنسا بۆ کورد دەکات و دەڵێت: "(ماکرۆن) بە ڕوونی داوای لە هەرێمی کوردستان کرد لە پێناو بەدیهاتنی ئامانجەکانیان، یەکدەست و یەکگرتوو بن."
ئەو پەیامەی فەرەنسا بۆ ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان و بەتایبەت ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو دەگەڕێتەوە. لەو ڕێکەوتەدا، حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە هاوکاریی هێزێکی کوردی لەشکرکێشی بۆ کەرکووک و ناوچەکانی دەورووبەری کرد و لە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی هێنایە دەر. شەقامی کوردی بە هۆی ئەو کارەوە کە وەک "خیانەت" ناوی دێنن، تووشی ڕاچڵەکانێکی گەورە بوون و پێیان وایە بۆ ماوەی دەیان ساڵی دیکە لە خەونی سەربەخۆییان دوور کەوتوونەتەوە.
گیرفانی (ماکرۆن) و بوێرییەکی گەنجانە
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیە هاوبەشەکەی نێوان (ئیمانوێل ماکرۆن) و (نێچیرڤان بارزانی)، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بە ڕوونی دەرکەوت فەرەنسا لە سیاسەتەکانی ئێستای حکوومەتی عێراق نیگەرانە و ئەمە لە کارێکی تیمی تەشریفاتیی کۆشکی (ئێلیزە)دا دەرکەوت.
پێش لە دەستپێکی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکە، ئاڵای فەرەنسا، یەکێتی ئەوروپا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ ئاڵای عێراق، لە تەک یەکتر داندران و دوای چەند خوولەکێک ئاڵای عێراقیش هاتە ناو ئەو ئاڵایانەوە. ئەمە تەنیا هەڵەیەکی تەکنیکی تیمی تەشریفاتی کۆشکی (ئێلیزە) نییە، بەڵکو پەیامێکی ڕوونە بۆ بەغدا و (ماکرۆن)یش بە قسە یەکلاکەرەوەکانی بە تەواوی ئەمەی دەرخست و بە ئاشکراکردنی ئەوەی لە چەند سەعاتی دواتردا لەبارەی ڕێککەوتنی لەگەڵ شاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەلەفۆن بۆ (عەبادی) دەکات، نوقتەی لە سەری دێڕ دانا.
(ماکرۆن) دوای چەند خوولەکێک لە قسەکردنی، دەستی بۆ گیرفانی چاکەتەکەی برد و کاغزێکی دەرهێنا و خاڵ بە خاڵ ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ شاندنی حکوومەتی هەرێم خوێندەوە. جێبەجێکردنی تەواوی دەستوور، یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (ماددەی ١٤٠)، هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتەکانی بەغدا و هەولێر، چوار خاڵی سەرەکیی ناو کاغەزەکە بوون.
وەک لە میدیاکاندا بڵاو کراوەتەوە، (ماکرۆن) قسەکەی خۆی بردەوە سەر و دوای چەند سەعاتێک لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکە، پێوەندیی بە (حەیدەر عەبادی)یەوە کردووە. تا ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵوێستی فەرمیی بەرانبەر بەو داوایانەی فەرەنسا نەبووە، بەڵام (نوری مالیکی)، جێگری سەرۆککۆماری عێراق، بە تەواوی ئەو داوایانەی ڕەت کردووەتەوە و وەک دەستێوەردانی فەرەنسا لە کاروباری ناوخۆی عێراق ناوی هێناوە.
کاوە جەم






