سەرۆككۆماری سربیا: دەرگای دۆستایەتیمان بەرانبەر گەلی كوردستان كراوەیە

سربیا-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ جێگری سەرۆكی لاوانی سیاسیی جیھان، سەرۆككۆماری سربیا ڕایگەیاند، "گەلی كورد شوڕشگێرن و شەڕی دڕندەترین تیرۆریستی دنیایان كردووە، ئێمەیش دەرگای دۆستایەتیمان بەرانبەر بە ھەرێمی كوردستان كراوەیە".
(ئەلكساندەر ڤۆتژیتژ) سەرۆكی كۆماری سربیا و (فەلاح حەسەن) جێگری سەرۆكی لاوانی سیاسیی جیھان، بە بەشداریی لاوانی سیاسیی سربیا و لاوانی پارتی گەلانی ئەورووپا، كۆ بوونەوە.
لە دیدارێكدا، باس لە دۆستایەتیی كۆماری سربیا و ھەرێمی كوردستان كرا و، (فەلاح حەسەن) كە ھاوكات لاوێكی باشووری كوردستانە و بۆ كاری لاوانی سیاسیی جیھان سەردانی بیلگرادی پایتەختی سربیای كردووە، دەڵێت، "سەرۆككۆمار پێی گوتم ئێوە گەلێكی شوڕشگێرن و خاوەنی خەباتن و شەڕی دڕندەترین تیرۆریستی دنیاتان كرد، دەرگای دۆستایەتیمان كراوەیە بەرانبەر بە گەلی ھەرێمی كوردستان".
( فەلاح حەسەن) ڕوونیشی كردەوە، "داوام لەسەرۆككۆماری سربیا كرد كە ھاوكاریی ھەرێمی كوردستان بكات و كۆنسووڵخانە یاخود نوێنەرایەتیی دیپلۆماسییان لە كوردستاندا بكەنەوە، تا پەیوەندییەكان بەھێزتر بن و پەرە بە دۆستایەتیەكان بدرێت، بەڵكوو بتوانرێت بازرگانی لە نێوان ھەردوو لادا دەست پێ بكات و دیدار و كۆبوونەوە فەرمییە دیپلۆماسییەكانیش دەست پێ بكەن، سەرۆككۆماریش ڕایگەیاند كە، خۆشحاڵ دەبین بە دروستكردنی پەیوەندییەكان و بەھێزكردنیان".
شایەنی باسە، (فەلاح حەسەن) كە جێگری سەرۆكی لاوانی سیاسیی جیھانە، لەلایەن لاوانی سیاسیی سربیاوە بە فەرمی بانگھێشت كراوە بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی لاوانی پارتی گەلانی ئەورووپا و لاوانی سیاسیی سربیا لە بیلگرادی پایتەختی ئەو وڵاتە.




