٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سبەینێ ئاراستەی پەرلەمان دەكرێت.. "لێبووردن گەندەڵكاران ناگرێـتەوە"

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info-  جێگری بەرپرسی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ دواكۆبوونەوە لەسەر پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی دەكرێت و سبەینێ دووشەممەش ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكرێت، پەرلەمانتارانیش دەنگی لەسەر دەدەن و پەسەند دەكرێت، بەڵام لێبووردن گەندەڵكاران ناگرێـتەوە.

٢٦ـی ١١ـی٢٠١٧ كۆبوونەوەی لیژنەكانی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی ھەرسێ پڕۆژەیاسا پێشنیازكراوەكانی ھەمواركردنەوەی ھەردوو یاسای ژمارە ٦ـی ساڵی (٢٠٠٢)، یاسای ژمارە ٨٧ـی ساڵی (٢٠٠٤) لە ھەرێمی كوردستان و تەواوكردنی كارەكانی ڕاپۆرتی كۆتایی ھاوبەشی ھەرسێ لیژنەكانی (یاسایی و ناوخۆ و مافی مرۆڤی پەرلەمان) دەربارەی لێبووردنی گشتی بەڕێوە چوو.

جێگری بەرپرسی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان (فەیرۆز ئاكرەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "سبەی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت، كە دوو پڕۆژەیاسای دیكەیش دوو ساڵ بوو لە بەردەستدا بوون و كارێكی باشیان لەسەر كرابوو، ماوەیەك پێش ئێستایش پڕۆژەیاسایەكی دیكە ئاڕاستەی پەرلەمانی كوردستان كرا و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەم سێ پڕۆژەیاسایەی ئاڕاستەی لیژنەكانی (مافی مرۆڤ، یاسایی و ئاساییش و ناوخۆ) كرد، ئەم لیژنانە دوو دانیشتنیان كردووە، دانیشتنی یەكەم لەگەڵ سەرۆكی دادوەری دادوەرەكانی ھەرێمی كوردستان بوو كە ھەشت دادوەر ئامادەی دانیشتنەكە بوون لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و بەرپرسی چاكسازییەكان، لەو كۆبوونەوەیەیشدا ھەموو بۆچوون و پێشنیازەكانمان وەرگرتن، دواتر وەك سەرۆكایەتیی ھەرسێ لیژنە ڕاپۆرتێكمان ئامادە كرد و دادوەرەكان ڕا و بۆچوونی خۆیان دەربڕی و ئەمڕۆیش لە كۆبوونەوەداین، كە ڕاپۆرتی كۆتایی دەدەینە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و لە ھۆڵی پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەكرێـت و پەسەند دەكرێت."

(ئاكرەیی) گوتیشی، "تەواوی ماددەكان تا ئێستا دیاری نەكراون بە تەواوی ئاخۆ چ ماددەیەك لێبووردنی گشتی دەیگرێتەوە یان نا، بەڵام ڕەچاوی قەیرانی دارایی ھەرێمی كوردستانمان كردووە، بۆیە پەلەمان كردووە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەیاساكە، لەگەڵ ئەوەیشدا پڕۆژەیاساكە ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە دەستەی دەستپاكیی ھەرێمی كوردستان لەسەر دۆسیەی گەندەڵی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كردوون و دراونەتە دادگا و، ھەروەھا ماددەی تیرۆریش ناگرێـتەوە."

فایزە كۆیی
 

هەواڵی پەیوەندیدار