شارەزایان: شاندی حكوومەتی هەرێم لەلایەن سەرۆكی فەڕەنساوە پێشوازییەكی نێودەوڵەتییان لێ كرا

هەولێر-KDP.info- دوێنێ شەممە 2- 11، لەسەر داوای (ئیمانوێل ماكرۆن)ـی سەرۆكی فەڕەنسا، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی، گەییشتنە ئەو وڵاتە و كۆبوونەوەیەكی یەك سەعاتییان ئەنجام دا، شارەزایان و مامۆستایانی زانكۆیش باوەڕیان وایە، شاندەكەی حكوومەتی هەرێم لەلایەن سەرۆكی فەڕەنساوە پێشوازییەكی نێودەوڵەتییان لێ كراوە و، بە بایەخیشەوە لە سەردانەكە دەڕوانن.
(بەرزان عوسمان) مامۆستای زانكۆ و شرۆڤەكاری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "ماوەیەكی زۆرە حكوومەتی بەغدا كار بۆ لاوازكردنی پێگەی دیپلۆماسیی كوردستان لەسەر ئاستی دەرەوەدا دەكات، بۆیە پاش 16ـی ئۆكتۆبەر، حكوومەتی (عەبادی) زیاتر هەوڵەكانی وەگەڕ خست بۆ ئەوەی كۆتایی بە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی كوردستان بێنێت، بەڵام پێشوازیی فەرمی لەسەر ئاستی باڵای سەرۆكی فەڕەنسا لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و دانانی ڕەمزەكانی كورد وەك ئاڵا و نووسینی كوردی، بەغدای تووشی شۆك كردووە".
(عوسمان) گوتیشی، "ئامانجی سەرەكیی داخستنی فڕۆكەخانەكانی كوردستان ئەوە بوو كە، ئاستەنگ لە بەردەم هەرێم دروست بكات تاوەكوو پێوەندییە بەهێزەكەی لەگەڵ وڵاتانی دنیادا كۆتایی بێت، تەنانەت كاتێك وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ویستی سەردانی عێراق بكات، ڕایگەیاند كە سەردانی هەولێریش دەكات، بەڵام (عەبادی) پێی گوتبوو ناتوانی سەردانی هەولێر بكەی، بۆیە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند كە وەزیرەی دەرەوە سەردانەكەی بۆ بەغدا هەڵوەشاندەوە، ئەمەیش ئەوەمان پێ دەڵێت، هەرێمی كوردستان پێگەیەكی بەهێزی لە سەر ئاستی جیهاندا هەیە".
پێوەست بە هەمان تەوەر، (میران حوسێن) مامۆستای زانكۆ لە بەشی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی دا، "فەڕەنسا رۆڵیكی زۆر بەهێزی لەناو یەكێتیی ئەورووپادا هەیە بە هۆی ئەوەی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاساییشی نیودەوڵەتییە و، هەڵویستەكانیشی هەمیشە بەرانبەر گەلی كورد پێش راپەڕین و دوای راپەڕینیش زۆر ئەرێنی بوون، بۆیە فەڕەنسا دەتوانێت رۆڵێكی زۆر ئیجابی لە نێوەندگیریی بەغدا و هەولێردا ببینێت."
ئەو شارەزایەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان گوتیشی، "هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە پێگەیەكی بەهێزی لە ڕووی سیاسی، ئابووری و سەربازییەوە هەیە، بۆیە وڵاتان بایەخی كوردستان دەزانن و هەرگیز ناتوانن پشت لە سەركردایەتیی كورد و گەلەكەمان بكەن، پێشوازیی سەرۆككۆماری فەڕەنسایش لەو ئاستە بەرزەدا لە شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زۆر جێی بایەخە كە لە كۆشكی ئەلیزاوە داوای جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی كوردی كرد لە عێراق، بە تایبەت جێبەجێكردنی ماددەی 140، ئیدی ئەوە بۆ بەغدا ڕوون بووەوە كە جگە لە چارەكردنی ئاریشەكانی لەگەڵ هەرێمدا، هیچ رێگایەكی تری لە بەردەمدا نییە."
لەبارەی پێوەندیی مێژوویی هەرێمی كوردستان و فەڕەنسا و پشتیوانییە بەردەوامەكانی ئەو وڵاتە لە گەلی كورد، (دڵشاد نامیق) شارەزای پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەڵێ، "پێوەندیی دیپلۆماسیی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی فەڕەنسا، مێژوویی و ستراتیژییە كە فەڕەنسا لە ساڵی 1991 لە ئەنجوومەنی ئاساییش داوای قەدەغەكرنی فڕینی فڕۆكە شەڕكەرەكانی عێراقی كرد بۆ سەر هەرێمی كوردستان و دانانی هێڵی 36، ئەوە بوو لە ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی بووە بڕیار، دەشبینین لە پاش ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی و ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر، هەر فەڕەنسا بوو هەم پێشوازی لە شاندی باڵای حكوومەتی كوردستان كرد و، هەم داوای دانوستانی ڕاستەوخۆی بەغدا و هەولێری كرد، بۆیە دەتوانین بڵێین جارێكی دیكە فەڕەنسا پشتیوانی خۆی بۆ گەلی كورد دەربڕیەوە".
هێڤیار هەڵەبجەیی




