شرۆڤەکاران: ناسنامەی ئەو گرووپە چەکدارانەی لە نێوان خورماتوو و کفری دەرکەوتوون دیار نییە
__2017_12_02_h15m51s57__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک ئاشکرای کرد، ھێشتا ناسنامەی ئەو چەکدارانەی لە نێوان خورماتوو و کفری دەرکەوتوون، دیار نییە و دەشڵێت، لە کاتی ھێنانی ٤٠ ھەزار سەرباز و ھێزی ئەمنی بۆ شەڕی حەویجە و دروستنەبوونی شەڕ لە نێوان عێراق و گرووپی داعش گومانی زۆری پەیدا کردووە، بەڵام شرۆڤەکارێکی سیاسی بەدووری زانی، ئەو گرووپە داعش بن.
نزیکەی دوو حەفتەیە گرووپێکی چەکداری نەناسراو لە ناوچەکانی سنووری نێوان ھەردوو قەزای خورماتوو و کفری پەیدا بوونە، عێراق و ھەرێمی کوردستانیش زانیاریی دروستیان نەداوە لەبارەی ناسنامەی ئەو گرووپەوە، کە بە مەزەندەی خەڵکی ناوچەکە ٥٠٠ چەکدارێک دەبن. لەم بارەیەوە عەمید (سەرحەد قادر)، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو گرووپە چەکدارەی لە ناوچەیەکی نێوان قەزای کفری و خورماتوو پەیدا بوونە، ناسنامەیان دیار نییە و ناتوانین ھیچ پێناسەیەکی دروستیان بۆ بکەین، چونکە چالاکییان نەبووە بە ھیچ ئاراستەیەک تا بزانین سەر بە کام لایەنن و ئامانجیان چییە، چونکە ھاووڵاتیی کورد و تورکمان و عەرەب و بیانیشیان تێدایە، بەڵام لە ڕۆژانی دابێ ئەو ھێزە ئاشکرا دەبێت، ئەو گرووپە کە مەزەندە دەکرێت ٥٠٠ چەکدارێک بن، چیان دەوێت و چالاکییان چی دەبێت."
(سیروان حەمە شەریف)، شرۆڤەکاری سیاسی ئەوەی ڕەت کردەوە کە ئەو گرووپە چەکدارە داعش بن و، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئەو گرووپەی لە نێوان ھەردوو قەزای خورماتوو و کفری پەیدا بوونە، ناسنامەیان دیار نییە، چونکە ھێشتا لەسەرەتادان، بەڵام من نایبینم ئەو گرووپە ھیچ پەیوەندییەکی بە گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە ھەبێت، چونکە داعش ئەو ھێزەی نەماوە لە و سنوورە."
پێشتر سەرچاوەیەک لە دەڤەری گەرمیان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندبوو: "ئەو گرووپە چەکداری ناسراویان تێدایە کە پێشتر لە کۆماری ئیسلامیی ئیران کاری سەربازییان کردووە لە نێو گرووپە توندڕەوەکان و ئێستاش لە گوندی پەلکانە و بەرزاییەکانی غەڕڕەی سنووری نێوان خورماتوو و کفری بەردەوام دەبینرێن، بەڵام ئەوەی جێگەی گومان و پرسیارە، تا ئێستا گرووپەکە دژایەتیی خۆی بەرانبەر بە ھیچ ھێز و پێکھاتەیەکی عێراق دیار نەکردووە.
لەبارەی ئەوەی گومان دەکرێت پاشماوەی گرووپی تیرۆریستیی داعش بن، عەمید (سەرحەد قادر) ئاماژەیشی دا: "خۆی پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەو چەکدارانەی داعش لە دەوروبەری کەرکووک و حەوزی حەویجە بوون بەرەو کوێ چوونە، چونکە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی زیاتر بە ڕێککەوتن چوونەتە سنووری قەزای حەویجە و ھێنانی ٤٠ ھەزار ئەندامی سوپا و ھێزە فیدڕاڵییەکان بۆ سنوورەکە ڕوونەدانی شەڕێکی ئەوتۆ نیشانەی پرسیاری دروست کردووە، بەڵێ ھێشتا داعش لەو سنوورانە ماوە و چالاکیی ھەیە و گریمانە ھەیە داعش ھێزێکی زۆری مابێت لە کەرکووک و حەوزی حەمرین."
(سیروان حەمە شەریف) لە درێژەی لێدوانەکەیدا ڕوونی کردەوە: "ئەو گرووپە چەکدارە ھەر کەس و لایەنێک بن دروستبوونیان پێشبینیکراوە، چونکە عێراق بە درێژاییی چەندین ساڵی ڕابردوو بووەتە مەیدانی گرووپە توندڕەوەکان و تا گرووپێک بەرە کۆتایی دەچێت، گرووپێکی خراپتر پەیدا دەبێت، لەبەر ئەوە پێشتریش ئەوەمان باس کردووە، دوای داعش گرووپ و تاقمی دیکەی توندڕەو لە عێراق پەیدا دەبن، پێشبینی دەکرێت ئەو تاقمە چەکدارەی بینراون لە ماوەکانی داھاتوو ژمارەیان زیاد ببێت و چەکدارە توندڕەوەکانی عێراق پەیوەندیان پێوە بکەن."
قائید میرؤ
Attachments area




