خورماتوو..خەڵکی گوندێک حەشدی شەعبیان گەمارۆ داوە و شەڕ بەردەوامە
__2017_11_29_h19m23s18__HK.jpg)
خورماتوو-KDP.info- لە سنووری قەزای خورماتوو ماوەیەکە چەکدارانی حەشدی شەعبی بازگەی وەھمی دادەنێن و بەزۆر پارە لە خەڵکی وەردەگرن، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچەیە بێزار بن و نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھێرشیان کردووەتە سەر حەشدی شەعبی و چەندین چەکدارایان لێ کوشتوونە و شەڕیش بەردەوامە.
بەڕێوبەری ئاسایشی خورماتوو، عەقید (کاوە مەلا پەروێز) ھەواڵەکەی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان پشتڕاست کردەوە و گوتی: "ڕاستە لە نیوەڕۆوە خەڵکی گوندی قەڵخانلو، کە دانیشتوانەکەی کوردن ھێرشیان کردووەتە سەر حەشدی شەعبی و شەڕێکی قورس ڕووی داوە و تا ئێستاش شەڕەکە بەردەوامە و حەشدی شەعبی کوژراو و برینداری زۆرە، بەڵام بە ھۆی بەردەوامیی شەڕەکەوە تا ئێستا ئاماری کوژراوان دیار نییە و حەشدی شەعبی لە نزیک قوتابخانەیەک گەمارۆ دراون."
بەڕێوبەری ئاسایشی دووزخورماتوو گوتیشی: "ھۆکاری دروستبوونی ئەو شەڕەش ئەوەیە کە حەشدی شەعبی بازگەی وەھیمیان لە سنوورەکە داناوە و بەزۆر پارەیان لە خەڵک وەرگرتووە، بۆیە ئەمانەش بێزار بوونە و ھێرشیان کردووەتە سەر حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی لە ناوچەکە دەریان بکەن."
بەڕێوبەری پێشووی قایمقامیەتی خورماتوو، (محەمەد فایق) لەبارەی وردەکاریی شەڕەکەوە گوتی: "ھۆکاری دروستبوونی شەڕەکە لە نێوان حەشدی شەعبی و گوندی قەڵخانلو بە ھۆی وەرگرتنی پارەوە بووە بە زۆرەملێ لە لایەن چەکدارانی حەشدی شەعبی لە شوفێرانی بارھەڵگرەکان لە ناوچەکە، چونکە تەنیا دوێنێ بڕی چار ھەزار دۆلاریان لە شوفێران وەرگرتووە و ئەمڕۆش دیسان چوونەتە سەر ڕێگا بۆ ئەوەی پارەیان لێ وەرگرن، بەڵام کوردەکان ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و شەڕ دروست بووە."
بڵند ئیبراھیم




