دارا جەلیل خەیات: بەغدا ئاستەنگ دەخاتە بەردەم بازرگانانی ھەرێمی كوردستانەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی ژوورە بازرگانییەكانی ھەرێمی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، بەغدا كێشە بۆ بازرگانانی ھەرێمی كوردستان دروست دەكات و ئاگاداری بازرگانان كراوەتەوە ھەر بازرگانێك مۆڵەتی حكوومەتی عێراقی نەبێت، ناتوانێ كاڵا ھاوردەی ناوچەكانی دیكەی عێراق بكات.
بەغدا جگە لە رووە سیاسییەكە، لە ڕووی ئابوورییەوە زیاتر دەیەوێ گوشار بخاتە سەر ھەرێمی كوردستان و دەست بەسەر داھات و بزاوتە بازرگانییەكانیشدا بگرێت، لەم بارەیەوە (دارا جەلیل خەیات) سەرۆكی ژوورە بازرگانییەكانی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "حكوومەتی عێراق كێشە بۆ بازرگانانی ھەرێمی كوردستان دروست دەكات و داوای لەو بازرگانانە كردووە كەلوپەل ھاوردەی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەكەن، مۆڵەت لە بەغدا وەربگرن، ئێمەیش داوامان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ھەرێمی كوردستان كردووە ھەماھەنگی لەگەڵ بەغدا بكات بۆ چارەكردنی ئەو پرسە، چونكە ئەو رێگری و ئاستەنگانە كاریگەرییەكی زۆریان لەسەر جووڵەی بازرگانی ھەبووە، بە تایبەت ئەو كاڵایانەی لە ھەرێمی كوردستان بەرھەم دەھێندرێن".
ساڵی رابردوویش لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و بە ناوی خاڵی گومرگییەوە، پارەیەكی زۆر لەو بارھەڵگرانە وەردەگیرا ئەوانەی كەلوپەلیان لە ھەرێمی كوردستانەوە دەبردە ناوچەكانی دیكەی عێراق، لەبارەی رێژەی ھەناردەوە بۆ ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی بەغدا، (خەیات) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "پڕۆسەی ھەناردە و ھاوردەكردن بەردەوامی ھەیە، ھەندێك جار رێگەی مووسڵ دەگیرێت، ئەوەی دیكەیش بە ھەمان شێوە بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراق ئاستەنگ ھەیە و ھەوڵەكانمان بەردەوامن بۆ چارەكردنی ئەو پرسە".
قائید میرۆ




