٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆنسووڵی فەخریی سریلانکا: بەغدا ئاستەنگی بۆ سێ هەزار سریلانکایی لە کوردستان دروست کردووە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە نوێنەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان، کۆنسۆوڵخانەی فەخریی کۆماری دیموکراتی سریلانکا لە ھەرێمی کوردستان کرایەوە، کۆنسووڵیش دەخوازێ پێوەندییەکانی ھەرێم و سریلانکا بەھێزتر ببێ.

مەڕاسیمەکە کە ئەمڕۆ سیشەممە بەڕێوە چوو و، پەیامنێری ماڵپەڕی فەرمیی دیموکراتی کوردستان ئامادەی بوو، تێیدا (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وتاری دا و، تێیدا ڕۆشنایی خستە سەر گرینگیی کردنەوەی کۆنسووڵخانەی فەخریی کۆماری سرینلاکا و خۆشحاڵیی ھەرێمی کوردستانی پیشان دا لەو ھەنگاوەی سریلانکا.
دواتر (د. ئەحمەد جەلال) کۆنسووڵی فەخریی سریلانکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند "سێ ھەزار ھاووڵاتی سریلانکایی لە ھەرێمی کوردستان ھەن و بۆ راییکردنی کاروبارەکانیان بەغدا ئاستەنگیان بۆ دروست دەکات، لەبەر ئەوە باڵیۆزخانەی سریلانکا لە عێراق بڕیاری کردنەوەی کۆنسووڵخانەی فەخریی دەرکرد لە ھەرێمی کوردستان."

(د.ئەحمەد جەلال) ئاماژەیشی دا "پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری سریلانکادا ھەیە و دەمانەوێ زیاتر بەرەو پێشەوەی ببەین، بەتایبەتی لە ڕووی بازرگانییەوە و ھێنانی کۆمپانیای سریلانکایی بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە پێنج گەورە کۆمپانیای سریلانکایی لقیان لە زۆربەی وڵاتانی جیھان و ھەرێمی کوردستانیشدا ھەیە، بەڵام دەمانەوێ دەستی کار و وەبەرھێنەرانی سریلانکا زیاتر راکێشین بۆ ھەرێمی کوردستان."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار