٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وشیار سیوەیلی: لایەنەکان پشتیوانی حکوومەت نەبن، ھەڵبژاردنی پێشوەختە باشترین ڕێچارەیە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ئەگەر لایەنەکان بۆ پشتگیریی حکوومەتی ئێستای ھەرێمی کوردستان کۆک نەبن، ئەوا باشترین بژاردە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەیە.

(وشیار سیوەیلی) بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "ئەگەر ھەموو لایەنەکان پشتگیریی حکوومەتی ئێستای ھەرێمی کوردستان نەکەن، ئەوا پارتی وای بە باش دەزانێت ھەڵبژاردنی پێشتوەختە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و ھەموو پرسەکان بەو رێگەیەوە چارەسەر بکرێن.. پارتی پێشتریش خۆی ئامادە کردبوو تا ھەڵبژاردن لەم مانگەدا بەڕێوە بچێت، بەداخەوە بەھۆی ئەو رەوشەی ھاتە پێش، ھەڵبژاردن دواخرا، هەڵبەت ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان."

لەبارەی دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک و دانانی (رزگار عەلی) بۆ پۆستی پارێزگار کە لە مێدیاکاندا زۆر ناوی دەبرێ، (وشیار سیوەیلی) گوتی "ئێمە پێمانوایە ئەو تاقمەی بەشدار بوون لەو کارەساتەی بەسەر کەرکووکدا ھات، پێویست ناکات و نایشبێت بەشدار بن لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی کەرکووکدا، ئەمە ھەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانە و دواجاریش بڕیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە دەدرێت، بەڵام ئەوەی من ئاگادارم زۆرینە ئەندامانی ئەنجوومەن رازی نین بەو شێوەیە پارێزگاری کەرکووک دیاری بکرێت".
پەیوەست بە گەڕانەوەی بنکە و بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکووک، بەرپرسی پەیوەندییەکان ئاماژەی بۆ دا "ھەرکاتێک سیمای داگیرکاری لە کەرکووک نەما و پارتی توانی خزمەتی خەڵکی خۆڕاگری کەرکووک بکات، بێگومان ئەوکاتە ئامادەین بگەڕێینەوە."

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار