گوتەبێژی پارتی: هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت کێشەی گەورە دروست دەکات

ههولێر-KDP.info- (مەحموود محەممەد) گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، سەردانی شاندی حکوومەت بۆ لای پارتی، بۆ قسەکردنبووە لەبارەی دروستکردنی یەکڕیزی و، ئەو داواکارییانەی لەسەر مەسەلەی حکوومەت هەروەها ئەو کێشانەی رووبەڕووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان بوونەتەوە.
دوای کۆبوونەوەی شاندی سەرۆکایەتیی حکوومەت لەگەڵ پارتیدا، (مەحموود محەممەد) قسەی بۆ ڕۆژنامەوانان کرد و، لەبارەی هەڵوێستی پارتییشەوە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاند، مەسەلەی هەڵبژاردن زوو بکرێت و یان درەنگ، پێویستی بە کۆدەنگی هەیە، گوتیشی "ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان پێمان وایە پێش هەڵبژاردنی عێراق بکرێت لەوانەیە باشتر بێت، دیاریکردنی رۆژێکیش بۆ کاتی هەڵبژاردنەکان دەوەستێتە سەر ئەو کۆبوونەوانەی سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئەنجامیان دەدات و لەسەر کاتەکەی رێکدەکەون".
لەبارەی پڕۆژەکەی بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە (مەحموود محەممەد) رایگەیاند: "خەریکی دیراسەکردنی ئەو پڕۆژەیەین کە گۆڕان پێشکەشی کردووە، قسەی لەسەر دەکەین و دواتر ئاگاداریان دەکەینەوە، هیچ وادەیەکیش بۆ گرێدانی کۆبوونەوەی 5 قۆڵی دیارینەکراوە".
لەبارەی داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتیش گوتی: "هەڵوەشاندنەوەی حکوومەت کێشەی گەورە دروست دەکات".
شاندەکەی حکوومەت بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی حکوومەت(نێچیرڤان بارزانی) و جێگرەکەی (قوباد تاڵەبانی) بوو و، لە مەکتەبی سیاسیی پارتی لە لایەن سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان (فازڵ میرانی) و، (مەحموود محەممەد)، (وشیار زێباری) و (ڕێبوار یەڵدا) ئەندامانی مەکتەبی سیاسییەوە پێشوازییان لێ کرا.





