لیستی برایەتی: بێ ئامادەبوونی سەرۆکەکەی، کۆبوونەوەی ئەنجوومەن ماسی گرتنە لە ئاوی لێڵدا
کەرکووک-KDP.info- بەپێی زانیارییەکان بڕیار وایە بەبێ ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گەر بێت و رێژەی یاساییی ئەندامانی تەواو بێت کۆ ببنەوە، ئەندامێکی ئەنجوومەنەکەش رایدەگەیەنێت "ئەو کۆبوونەوەیە نادەستوورییە."
(محەممەد کەمال) سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "هەر کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەن بەبێ دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجام بدرێت نادەستوورییە."
کاتێک سەرۆکی ئەنجوومەن ئامادەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا نابێت، لە رووی یاساییەوە پێویستە سەرۆکی ئەنجوومەنەکەوە کەسێک راسپێرێت، وەک (محەممەد کەمال) ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لە لایەن سەرۆکی ئەنجوومەنەوە بۆ ئەو مەبەستە رانەسپێردراوە، تاوەکو بتوانن لە رووی یاساییەوە کۆ ببنەوە گوتیشی "ئەوانەی بەو شێوە نایاساییە کۆ دەبنەوە، دەیانەوێت ماسی لە ئاوی لێڵدا بگرن."
گوایە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تایبەت دەبێت بە مووچەی ئەندامانی ئەنجوومەن ئەگەر بکرێت، هیچ هەوڵێکیش بۆ دیاریکردنی پارێزگار بۆ شارەکە لە ئارادا نییە، (محەممەد کەمال) جەختی کردەوە، کە ئەو فەرمانبەرەی پەیوەستە بە واژۆکردن لەسەر ئەو کەیسە، دەزانێت هەر کۆبوونەوەیەک بێ ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەن نایاساییە، ئەمڕۆی کردووەتە مۆڵەت و لە ئەنجوومەن ئامادە نابێت، تاوەکو واژۆی بابەتێکی نایاسایی بکات.
دەربارەی گەڕانەوەیان بۆ شاری کەرکووکیش سەرۆکی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: "ئێستایش بارودۆخی شارەکە ئاسایی نییە و سوڵتەی عەسکەری تێیدا باڵادەستە، بۆیە ئێمە و سەرۆکی ئەنجوومەنیش ئامادە نین بگەڕێینەوە تاوەکو بارودۆخ بە بە تەواوی ئاسایی نەبێتەوە."
دوێنێ سەرۆککۆمار (فواد مەعسووم) سەردانی پارێزگای کەرکووکی کرد و داوای کرد ئەنجوومەنی پارێزگاکە وەکخۆی بمێنێتەوە و گوتیشی کە، کار بۆ نزیککردنەوەی هەرێم و ناوەند دەکات، هێشتا بارودۆخی کەرکووک، وەک ئەو ئەندام ئەنجوومەنە ئاماژەی پێدا ئاسایی نەبووەتەوە، گوتیشی: "سەردانیکردنی سەرۆککۆمار بایەخی خۆی هەیە، بەڵام کێشەکانی پارێزگاکە لە دوای ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە بە رادەیەک نائاساییە، تەنها بارودۆخ چارەی دەکات".
لە بارەی دانانی پارێزگاریشەوە گوتی، پێیوایە بە هۆی قووڵیی کێشەکان لەو شارەدا، هیچ رێککەوتنێک نەکراوە، چونکە ئەولەویەت بۆ ئاساییکردنەوەی پارێزگاکەیە و دەرهێنانییەتی لەژێر سوڵتەی سەربازی و میلیشیایە، دواتر دەبێت ئەنجوومەن دەنگ لەسەر کاندید بۆ پارێزگاری شارەکە بدات.
خێڵان بەختیار




