عومەر ئۆرەیی: کوشتنی کادرەکەی پارتی لە سنووری ئامێدی لە ئەستۆی پەکەکەدایە

ئامێدی-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٨ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئامێدی دەڵێت، ئەو ڕووداوەی کە لە سنووری ئامێدی درووست بووە، پەکەکە لێی بەرپرسیارە و ئێمە هۆشدارییان پێ دەدەین، کە دەست لەو جۆرە کارانە هەڵگرن.
درەنگانی شەوی شەممە لە دێرەلۆکی سەر بە ناحیەی شێلادزی، قەزای ئامێدی چەند چەکدارێکی نەناسراو دەستڕێژی گوللە لە دوو کەس دەکەن یەكێک کادری پارتی بوو، بە ناوی (بڵند عەبدی مایی) لە ناوچە و دەستبەجێ کادرەکەی پارتی گیانی لەدەست دا.
سەبارەت بە ڕووداوەکە (عومەر ئۆرەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەو ڕووداوەی کە لە سنووری ئامێدی درووست بووە، پەکەکە لێی بەرپرسیارە و هەمووی دەخەینە ئەستۆی پەکەکە، چونکە ئەمە چەندین ڕووداوی هاوشێوەی ئەم ڕووداوە دووبارە دەبنەوە و پەکەکە دەیکات.''
بەرپرسی لقی ١٨ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئامێدی ئەوەیشی گوت: ''پەکەکە ئەم ڕووداوانەیان بۆ خۆیان کردووەتە نەرێت، ئەمە چەندین حاڵەتی بەو شێوەیە لەم ناوچانە ڕوویان داوە. پێش چەندێکیش لە چیای سگێری کەسێکیان کوشت، لە سەرسنکێش کارێکی هاوشیوەیان کرد.''
دوێنێ شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە، کە نەیویست ناوی ببرێت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گێڕایهوه: "چەکدارەکان لە نێو دوو پیکابی ناسراو بە مەرزیە بوون، لە نێو پیکابەوە تەقەیان دەکرد و دوو کەسیان کردە ئامانج کە یەکێکیان شەهید کرد و ئەوی دیکەیان بە برینداری ڕفاند."
بەڵام (ئۆرەیی)، ڕووی قسەکانی لە پەکەکەیە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوان لەو ڕووداوە بەرپرسیارن: ''ئێمە بە پەکەکە دەڵێین خۆیان دوور بگرن لەم کارانە، دەست لەم جۆرە کارانە بەردەن، چونکە هیچ خزمەتێک بە کوردە ناکەن، دەمانەوێت بە شێوەیەکی عاقڵانە کار بکەین و بیر بکەینەوە، تا ئێستا هیچ پێوەندێکمان لەگەڵ پەکەکە نییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەسەر ئەم جۆرە کارانە هۆشداری دەدەینە پەکەکە.''
جێی ئاماژەیە دوێنێ، لقی ١٨ی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتیان کردەوە: ''ئەم کادیرەی ئێمە شەهید بووە، هیچ تاوانێکی نەبووە و هیچی نەکردووە و کێشەی لەگەڵ هیچ لایەنێکیش نەبووە، بەڵام ئەو هاوڕێیەی کە لەگەڵیدا بووە و برینداربووە، پێشتر کادیری پەکەکە بووە، بهڵام ساڵانێكه لێیان جیا بووهتهوه و له سنووری دهۆك ژیانی خێزانی پێك هێناوه.''
کـــــاروان بـــــاعــەری




