بە بڕی 580 ملیۆن دینار پردی دەلال نۆژەن كرایەوە

زاخۆ-KDP.info- بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ رایگەیاند، زیاتر لە 100 شوێنەوار لە زاخۆ هەن، بەڵام گرینگترینیان پردی دەلال و قشڵهی زاخۆن، كە لەسەر گوژمەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە بڕی 580 ملیۆن دینار پردی دەلال لەسەر ڕێنماییەكانی یونسكۆ نۆژەن كرایەوە.
(محەمەد ئەحمەد)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "زیاتر لە 100 شوێنەوار لە زاخۆ هەن، بەڵام ئەو شوێنەوارانەی كە زۆر گرنگن، پردی دەلال و قشڵهی زاخۆنە، لەگەڵ چەند شوێنەوارێكی دیكە، لە ماوەی رابردوودا تیمێكی شوێنەوارناسانی دهۆك و ئێمە، پردی دەلالمان بە شێوەیەكی زانستیانە نۆژەن كردەوە، ئەوەیش تەمەنێكی دیكەی درێژتر دەدات بە پردەكە و دیمەنێكی جوانیش دەبەخشێتە شارەكە، لە داهاتوودا لەگەڵ نەمانی قەیرانی دارایی، لە بەرنامەماندایە قشڵهی زاخۆ و چەند شوێنەوارێكی دیكە نۆژەن بكەینەوە، هەروەها هەوڵ دەدەین مۆزەخانەیەك لە شارەكە بكەینەوە، چونكە زۆر پارچەی شوێنەواری لە ناوچەكە هەن".
(ئەحمەد) گوتیشی، "نۆژەنكردنەوەی پردی دەلال زۆر گرینگ بوو، چونكە ئەوە بۆ چەندین ساڵ دەچوو نۆژەن نەكرابووەوە، لە كاتی خۆی و لە ساڵانی حەفتاكان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بە چیمەنتۆ و بەرد نۆژەن كرابووەوە، ئەوەیش سیمایەكی ناشیرینی دابووە پردەكە، ئێمە هەموو ئەو ماددانەمان لەو پردە كردەوە و سەرلەنوێ و لەسەر ڕێنمایی یونسكۆ نۆژەنمان كردەوە، هەتا شەقامی سەر پردەكەمان بە شێوەیەكی كۆن نۆژەن كردەوە، ئەوەیش لەسەر گوژمەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە بڕی 580 ملیۆن دینار نۆژەن كرایەوە، لێرەدا ئێمە سوپاسی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، چونكە بەڕێزیان بڕیاری دا كە پردی دەلال بە شێوەیەكی زانستیانە نۆژەن بكرێتەوە".
ڕابین شێروانی




