٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەلابەختیار: کێشەکان زادەی ڕیفراندۆم نین.. واژۆی هەموو سەركردایەتیی یەكێتیم لایە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  "دوو مانگ بەسەر ریفراندۆمدا تێپەڕی، هێشتا دوكەڵی پیلانگێڕی، رەش رەش، ئاسۆی راستییەكانی لەناو حكومەت‌و یەكێتی، داپۆشیووە."

ئەوەی سەرەوە دەقی وتارێکی (مەلابەختیار) بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانە کە لە ژمارەی ئەمڕۆی حەفتانەی چاودێردا بڵاو کراوەتەوە.
لەبارەی ئەو دۆخە هەنووکەییەی هەرێمی کوردستان و یەکێتی بە تایبەت پاش داگیرکارییەکەی حەشدی‌شەعبی و هێزەعێراقییەکانەوە دووچاری بوونەتەوە، (مەلابەختیار) لە سەرەتای وتارەکەیەدا نووسیویەتی "هەڵبەتە نە لەناو كورددا كێشەی حكومەت‌و نێوان هەرێم‌و بەغداد لەدوای ریفراندۆمەوە دەستپێدەكات، نە تەنگژەی یەكێتیش زادەی ریفراندۆمە. هەموو ئەوانەی پێیانوایە حكومەتەكەمان‌و ئەزمونەكەمان، لەعێراق‌و باشوری كوردستاندا، تەنها ریفراندۆم گەیاندویەتیە ئەم دۆخە نالەبارەی ئێستا، راست لەگەڵ ویژدانی خۆیان‌و رای گشتی ناكەن. ئەوانەی پێشیانوایە دۆخی ناو یەكێتی لەدوای ریفراندۆم، گەیشتۆتە پیلانی شەممەی (4/11/2017)، ئەمانەش دەیانەوێ‌ مەرامە جۆراوجۆرەكانی جەمسەرەكانی ناو یەكێتی، داپۆشن. ئەگینا هیچ كوردێك نیە نەزانێ‌، حكومەتەكانی كوردستان، هەریەكە لەقۆناغی خۆیدا، تەنگوچەڵەمەی زۆر بووەو بەرەبەرە بەسەریەكدا كەڵەكە كراون. حكومەتەكانی عێراقیش، یەك لەدوای یەك خۆیان لەجێبەجێكردنی دەستورو دەربەستی مافەكان، دزیوەتەوە."

 

دەستەگەری و یەکترشکاندن

نووسەر دەربارەی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتییەوە بە وردی دۆخی بەستنی سێ کۆنگرەکەی یەکێتی هێناوەتە بەر باسەوە، کە وەک ئەو دەڵێ، هێشتا "كێشەكان بە چارەسەرنەكراوی مانەوە.
لە دوای سێهەمین كۆنگرەوە تا ئێستا، نەخۆشكەوتنی مام جەلال، كاریگەرییەكی نالەباری لەسەر ئومێدەكانی چارەسەر جێهێشت. بۆیە، نەك دیاردەی دەستەگەری، چەتەگەری، ساختەگەری‌و چەواشەگەری، بنەبڕ نەبوون، بەڵكو لەو چەند ساڵەدا، ئەو دیاردە دزێوانە زیاد بون‌و جگە لە شەرمەزاریی، هیچیان بۆ یەكێتی نەهێشتۆتەوە. لەبەرامبەردا، نە هەڵوێستی دروست، نە سیاسەتی راست، نە بۆچونی دیموكراسی، نە راپەڕاندنی ئەركە نوێكان، نە دژایەتی هەلپەرستی‌و پارەپەرستی، هیچی لەناو یەكێتی لەبەردەم چاوچڵێسی هەموو ئەوانەی دەیانویست ئاوی بەرژەوەندیەكان لێڵتر بكەن، سودیان نەبوو. بەڵكو دژی هەموو سەركردەو ئۆرگان‌و كادرە بەهەڵوێستەكان، پیلانگێڕیی هەتا دەهات، زیادی دەكرد. دەستەبازەكانی ناو یەكێتیش، لەلایەكەوە بەرژەوەندییە ئابوریەكانیان پەرە پێدەداو، لەلایەكیشەوە هێزی چەكداری خۆیان، لە هەرلایەكەوە چەكیان پێ دابین كرابێ‌، بەهێزتر دەكرد."

(مەلابەختیار) زۆرتر لەسەر دۆخی یەکێتی هەڵوێستەی کردووە و دەپرسێ، "-دەستەگەری، چ پەیوەندییەكی بە وتەكەی مامەوە هەیە كە دەیفەرموو: سەروەریمان، مانەوەمان، سەركەوتنمان، بەندە بەیەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە؟!
-دروستكردنی ناوەندی بڕیاری جۆراوجۆری لاوەكی‌و كۆبونەوەی ناشەرعی‌و گۆڕینی ئاڕاستەی یەكێتی، چ پەیوەندییەكی بە دیسپلین‌و رێبازی مام جەلالەوە هەیە؟!
-بوختان دروستكردن‌و یەكترشكاندن‌و درۆهەڵبەستن، چ پەیوەندییەكی بە رەوشت‌و رێبازی مام جەلالەوە هەیە؟!
-دروستكردنی كۆمپانیاو سات‌و سەودا لەگەڵ كۆمپانیاكان‌و فرۆشتنی ئاشكرای نەوت، چ پەیوەندییەكی بە پاكێتی‌و رێبازی مام جەلالەوە هەیە؟!
-بەرتیل خواردن‌و بەزۆرەملێ پارەوەرگرتن لە دەوڵەمەندەكان‌و تاوان ئەنجامدان، چ پەیوەندییەكی بە دادپەروەری‌و رێبازی خانوە قوڕەكانی مام جەلالەوە هەیە؟!
-قوڵكردنی كێشەكانی ناو یەكێتی‌و پیلانگێڕان‌و بڕیاری پێشوەختەی ناشەرعی دەرەوەی كۆبونەوە شەرعییەكان، چ پەیوەندییەكی بە مەركەزیەت‌و رێبازی مام جەلالەوە هەیە؟!
-تاڵان‌و بڕۆی شارۆچكەكان‌و دێهاتەكان‌و دزینی دەڕاسەو تراكتۆرو هەڵوەشاندن‌و فرۆشتنیان، چ پەیوەندییەكی بە دەستپاكی‌و رێبازی مام جەلالەوە هەیە؟!
-دوژمنایەتی ماڵی مام جەلال‌و لاوازكردنی پێگەكەیان، چ پەیوەندییەكی بەرێبازی مام جەلالەوە هەیە؟!
-ئەنجامدانی تاوان‌و دەستبەسەراگرتنی موڵكی حكومەت‌و خانوی ئەرزی تەجاوز، كەی رێبازی مام جەلالە؟"

 

دژایەتیی ریفراندۆم لە روانگەی دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەستەوەیە

(مەلابەختیار) كاردانەوەی دەوڵەتانی جیهان‌ و دەوڵەتانی ئیقلیمی‌ پێوەست بە ئەنجامدانی ڕاپرسی بۆ سەربەخۆییی باشووری کوردستان و كارەساتی كەركووك، بە داڕمانێكی دەروونیی چاوەڕوانەكراو دێنێتە بەر باس و دەڵێ "لەژێر كاریگەریەكانیدا، بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی‌و لایەنەكان، هەروەكو نە بایان دیبێ‌‌و نە باران، خۆیان وا پیشاندەدەن كە لەنوكەوە تا كۆتاییی ریفراندۆمیان قبوڵ نەبووە. ئەمەش سەراپا پێچەوانەی راستییەكانە. بەندە، دەتوانم بەرەهاییەوە بڵێم: یەك ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیش نادۆزیتەوە دژی ریفراندۆم بوبێ. واژوی هەمویانم لەلایە."

ئەو رێكکەوتنی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان، کە بە راشكاوی باسی ریفراندۆم‌و سەربەخۆییی كوردستان كراوە، هەروەها نەخشەرێگاكەی یەكێتی بۆ پارتی بیر دێنێتەوە کە چۆن باس لە ریفراندۆم‌و سەربەخۆیی‌و باس لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركووك‌ و ناوچە كێشەلەسەرەكانیش كراوە.
نووسەر جەخت دەکاتەوە لەوەی کە "لەوماوە دورودرێژەش، یەك ئەندامی سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی نییە، پێش ریفراندۆم، وتارێكی دژی ریفراندۆم نوسیبێ‌، یان لێدوانێكی دژی ریفراندۆم دابێ‌. بۆ؟ چونكە لەكۆبونەوە رەسمییەكاندا، دەنگیان بە ریفراندۆم داوە. تەنانەت ئەگەر بۆچونی جیاوازیشمان لەسەر بەدیلی ریفراندۆم‌و نەكردنی ریفراندۆم لەكەركوك هەبوبێ‌، مەكتەبی سیاسی جەختی كردۆتەوە كە بە رێكەوتن لەگەڵ پارتی ئەم ئەركە ئەنجامبدرێت، نەك بەجیا وەكو یەكێتی."

(مەلابەختیار) دووپاتی کردووەتە کە "ریفراندۆم مافی دیموكراسیە وەكو تر، ریفراندۆم خیانەت نییە. ریفراندۆم یەكەمین ئەزمونی دیموكراسییە كە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و كوردستاندا گەلێكی ستەملێكراو، ئەنجامی دابێ‌. ریفراندۆم مافێكی دیموكراسی بێئەملاموئەولای نەتەوە ژێردەستەكان‌و هەموو هێزە دیموكراتەكانی دنیایە. گەلێك داوای ریفراندۆم بكات، مافی خۆیەتی، بەڵام ئەوانەی دژایەتی ریفراندۆم دەكەن، ئەمانە لەروانگەی دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەستەوە، هەڵوێستوەردەگرن."

 

"هەق نییە لەوە زیاتر ئازاری رۆحی مام جەلال‌ بدەن"

نووسەر هەروەها دەڵێ "دوای كارەساتی كەركوك‌و لێكەوتە نالەبارەكانی سیاسی، ئابوری، عەسكەری، دەرونی‌و ئەمنی، دوای ئەوەی جێگۆڕكێ‌ بەهەموو بەرژەوەندی‌و جەمسەرەكانی دەستەگەری كراو، دژەكان، یەكێتی دژەكانیان دروستكردو سەرەتاتكێ‌ لەگەڵ هەموو وڵاتێك، بۆ سەپاندنی نەخشە نابەجێكان دەكرێ‌، كە هەموو ئەو بەهایانە لەدەست دران‌و كێشە ناوخۆییەكان بەبێ‌ رەچاوكردنی باری بابەتی مەترسیداری دوای كارەساتی كەركوك، بەناوی گۆڕانكاریەوە پیلانگێڕی جەمسەرە دژەكان سەرخران، ئیتر قەواعیدی یەكێتی، بەتەواوەتی مافی خۆیانە، تاقە چارەسەر لەبەردەم یەكێتیدا، بەستنی كۆنگرەی دوور لە پیلانگێڕیی بزانن."

(مەلابەختیار) بەستنی کۆنگرەیەکی دوور لە دەستەگەری بە زەرورەت بۆ دەربازکردنی یەکێتی لەو دۆخەی تێیکەوتووە دەزانێ و نووسیویەتی "هەق نییە لەوە زیاتر ئازاری رۆحی مام جەلال‌و گیانی پاكی شەهیدەكانی یەكێتی بدرێ. هەر لەبەرئەوەی بڕیارو بەرنامەی تایبەتی بهێنرێتەدی. خۆ ئەگەر قسەش لە چارەسەركردنی كێشەكان دەكرێت، رێگای چارەسەر تائێستا دانەخراوە. بەش بەحاڵی خۆم، پێشمەرگەی چارەسەرم. لەهیچ دەستەگەرییەكدا نیم. ناشبم. كۆنگرەی پیلانگێڕییش، هێندە پیسە، لەهەموو كۆنگرەو كۆنفرانسەكانی شاخ‌و شاردا، دەزانم چەند زیانبەخشە، بۆیە نابمە داشی گەمەی ئاوها. بەبێ‌ مەرجیش چارەسەركردنی راستەقینەی كێشەكانم قبوڵە. بەڵام بۆ یەكێتی ناو یەكێتی، نەك یەكێتی دوو زەردێنە!"

 

هەواڵی پەیوەندیدار