٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەیەك بۆ دیاریكردنی ئەو ماددە دەستووریانە دروست كراوە كە عێراق پێشێلی كردوون

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، لیژنەیەك بۆ دیاریكردنی ئەو ماددە دەستووریانەی پێشێل كراون دروست كراوە و، ئەندامێكی ئەو لیژنەیەیش دەڵێ، ژمارەیەكی زۆری پێشێلكاریی دەستووری كراوە و لیژنەكەیش سەرقاڵی دیاریكردنی پێشێلكارییەكان و دانانی میكانیزمێكن بۆ چارەكردنی ئەو پێشێلكاریانە.

حكوومەتی عێراق پێشێلكارییەكی زۆری دەستووری عێراقی كردووە و بەپێی گوتەی یاساناسان و ئەوانەی شارەزان لە دەستووری عێراق، تا ئێستا ٥٥ ماددەی دەستووری لەلایەن حكومەتی عێراقەوە پێشێل كراون و حكوومەتی عێراق تەنھا ئەو ماددە دەستووریانە جێبەجێ دەكات كە لە بەرژەوەندیی خۆیاندایە و ئەوانەی دیكە ھیچی جێبەجێ نەكراون، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە، لەوانە دەركردنی یاسای نەوت و غاز و جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ و چەندین ماددەی دیكە.

راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق و ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون بۆ پێشێلكارییە دەستوورییەكان (فەرھاد عەلائەددین)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە سەرۆكایەتیی كۆمار لیژنەیەك لە بەشی یاسایی و راوێژكارانی سەرۆكایەتیی كۆمار و پسپۆڕ و شارەزایانی یاسا و دەستوور پێك ھێندراوە بۆ ئەوەی ھەموو ئەو ماددە دەستووریانەی پێشێل كراون دیاری بكرێن لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە تاوەكو ئێستا و دواتر دیاری بكرێت چۆن ئەنجام دراون و لەلایەن كێوە بووە و ئەو پێشێلكاریانەیش راست بكرێنەوە، بۆیە ئەو لیژنەیە دەستبەكار بووە و چەندین كۆبوونەوەیشی ئەنجام داوە و لە كاری خۆی بەردەوامە".

(عەلائەددین) گوتیشی، ئەو لیژنەیە كار دەكات بۆ دانانی میكانیزمێك بۆ چارەكردنی ئەو پێشێلكاریانەی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە ئەنجام دراون، بۆیە لیژنەكە لەكارەكانی بەردەوامە، چونكە پێشێلكاریی زۆری ماددەكانی دەستوور كراوە و لە ئێستادا سەرقاڵی دیاریكردنی ئەو ماددانەین، كە بەشێك لەوانە پەیوەندییان بە پەرلەمانەوە ھەیە و بەشەكەی دیكەیش پەیوەندییان بە حكوومەتی عێراقەوە ھەیە، بۆیە ھەموو ئەو پێشێلكاریانە دیاری دەكرێن".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار