٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێركۆ جەودەت: ھەرێم ئاگاداری ھەناردەكردنی نەوتی كەركووك نییە

سەرچاوە: KDP.info
 
هه‌ولێر-KDP.info- سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، نەوتی كەركووك لە ئێستادا تاكلایەنانە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە ئیدارە دەدرێت و پێویستە بە ھاوبەشی بێت لەگەڵ ھەرێمی كوردستان. دەشڵێ، ئیدارەی سلێمانی ئاگاداری ھەناردەكردنی نەوتی كەركووكن بە تەنكەر بۆ ئێران، بۆیە پێویستە حكوومەتی ھەرێم لێی بێدەنگ نەبێت، چونكە ئەوان لێی ئاگادار نین. 
 
پێش ١٦ـی ئۆكتۆبەر، نەوتی كەركووك رۆژانە لە ڕێگەی بۆریی نەوتی ھەرێمی كوردستانەوە ھەناردەی دەرەوە دەكرا و داھاتەكەی بۆ مووچەی فەرمانبەران دابین دەكرا، مانگانەیش ١٠ملیۆن دۆلار وەكو پارەی پترۆدۆلار بۆ كەركووك تەرخان دەكرا، بەڵام دوای ئەوەی حەشدی شەعبی دەستی بەسەر كەركووكدا گرت، لە ئێستادا نەوتی كەركووك بۆ دەرەوە راگیراوە و لە ڕێگەی تەنكەرەوە بۆ ئێران ھەناردە دەكرێت، بە گوتەی یاساناسان و شارەزایانیش، بەپێی دەستووری عێراق پێویستە نەوتی كەركووك و ئەو ناوچانە بە ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا بەڕێوە ببردرێن، بەڵام بەغدا تاكلایەنە ئەو كارە دەكات و تا ئێستایش یەك دیناری بۆ كەركووك خەرج نەكردووە و نزیكەی ٥٠٠ملیۆن دۆلاری پترۆدۆلاری كەركووكیش قەرزدارە و نەیداوە.
 
لەم بارەیەوە سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان (د. شێركۆ جەودەت)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "نەوتی كەركووك پێویستە بە گفتوگۆ لە نێوان ھەرێم و بەغدا یەكلا بكرێتەوە لە رێگەی گفتوگۆوە و بە زووترین كاتیش ئەو كارە بكرێت، چونكە ئێستا بەغدا تاكلایەنە ئیدارەی ئەو كێڵگە نەوتیانە دەكات".
 
سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێ، "ئەو نەوتەی لە كەركووك لەرێگەی تەنكەرەوە بۆ دەرەوە ھەناردە دەكرێت، لەلایەن كۆمپانیای ئەھلییەوەیە و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لێی ئاگادار نییە، ئەو نەوتەیش بە خاكی ھەرێم لە سنووری سلێمانیدا دەڕواتە ئێران و پێویستە حكوومەت لێی بێدەنگ نەبێت و وەڵامی ھەبێت، بەڵام بردنی نەوتی كەركووك لەلایەن كۆمپانیای ئەھلییەوە لە رێگەی خاكی سلێمانییەوە جێگەی پرسیارە و نازانرێت لەگەڵ كێ هەماهەنگی ھەیە."
 
(جەودەت) زیاتر گوتی، "كورد ئێستا لە كەركووك رۆڵێكی زۆری نییە، بەڵام كە نەوتەكەی بە تەنكەر لە رێگەی خاكی سلێمانییەوە دەڕوات، دیارە ئیدارەی سلێمانی ئاگاداری ئەوەیە."
 
بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار