لێکۆڵینەوە لە كوشتنی کادیرهکهی پارتی لە سنووری ئامێدی بەردەوامە

ئامێدی-KDP.info- شەوی ڕابردوو لە شارەدێی دێرەلووکی سەر بە ئامێدی، کادیرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە كوژرا و هاوڕێکەیشی به برینداری ڕفێندرا. ئێستا لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بەردەوامە و کارگێڕێکی لقی پارتییش لە ئامێدی باس لە ڕووداوەکە دەکات.
درەنگانی شهوی ڕابردوو شەممە، لە نێو سەنتەری شارەدێی دێرەلووکی سەر بە شارۆچكهی ئامێدی،چهند چەکدارێكی نەناسراو، کە دوو ئۆتۆمبێلی جۆری پیکاپ مەرزیەیان پێ بووە، دەستڕێژ لە دوو کەس دەکەن کە یەکێکیان کادیری لقی ھەژدەی پارتییە و دهستبهجێ گیان لهدهست دهدات و، ھاورێکەیشی بە برینداری لە لایەن ئەو چەکدارانەوە دەڕفێندرێت.
شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە، کە نەیویست ناوی ببرێت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گێڕایهوه: "چەکدارەکان لە نێو دوو پیکابی ناسراو بە مەرزیە بوون، لە نێو پیکابەوە تەقەیان دەکرد و دوو کەسیان کردە ئامانج کە یەکێکیان شەهید کرد و ئەوی دیکەیان بە برینداری ڕفاند."
(عەونی ئەتریسی) كه کارگێڕی لقی ١٨ی پارتی دیموكراتی كوردستانه لە ئامێدی دەڵێت: "کادیرێکی ئیمە شەهید بووە و هاوڕێکەیشی بریندار بووە و ڕفاندوویشیانە."
ئەو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوێشەو ڕووداوەکە لە دێرەلووک ڕووی دا، چەند چەکدارێکی نەناسراو هاتوون و تەقەیان لە کادیرێکی ئێمە بە ناوی (بڵند عەبدی) کردووە و شەهیدیان کردووە، هاوکات هاوڕێیەکی لەگەڵ بووە بە ناوی (سەرحەد) ئەویش بریندار بووە و ههر ئەو چەکدارانە بۆ شوێنێکی نادیار ڕفاندوویانە و ئێستایشی لهگهڵدا بێ چارەنووسی نادیارە."
(عەونی) جهخت دهكاتهوه لهوهی كه، ''کادیرەکەی ئێمه هیچ تاوانێکی نەکردووە و کێشەی لهگهڵ كهس و لایهنێكدا نەبووە، ئەو هاوڕێیهشی كه لهگهڵیدا بووە پێشتر کادیری پەکەکە بووە، بهڵام ساڵانێكه لێیان جیا بووهتهوه و له سنووری دهۆك ژیانی خێزانی پێك هێناوه.''
وهك ئهو كارگێڕهی لقی ١٨ی پارتی دهڵێ، ''لە لێکۆڵینەوەی بەردەوامداین و دوای تەوابوونی لێکۆڵینەوەکە ئەنجامەکەی بە تەواوەتی ڕادەگەیەنین."
قائید میرۆ




