عێراق چەندین دەستپێشخەریی ڕەت کردووەتەوە و لەبەردەم "مەترسییەکی گەورە"دایە
__2017_11_25_h15m32s40__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- سەرەڕای داوای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانی نێوان حکووتەکانی هەولێر و بەغدا، بەڵام (حەیدەر عەبادی) تا ئێستاش ئامادەی کۆبوونەوە نییە. کەسانی ئاگادار لە حکوومەتەکەی (عەبادی) ئاشکرای دەکەن، عێراق ڕووبەڕووی "مەترسییەکی گەورەتر" بووەتەوە.
دوادەستپێشخەری لە لایەن وڵاتی ئەڵمانیاوە بوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراق زۆر بەخێرایی ئەوەی ڕەت کردەوە و هەر بەو هۆیەشەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانەکەی بۆ بەغدا و هەولێر هەڵوەشاندەوە.
میدیا فەرمییەکانی دەوڵەتی ئەڵمانیا ئەو زانیارییانەیان بڵاو کردەوە. هاوکات (رێناس جانۆ)، ئەندامی لیژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پەردە لەسەر هەندێ زانیاریی دیکە لا دەدات. ئەو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''سەرۆکوەزیرانی عێراق هەر ئەو دەستپێشخەرییەی ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵکو دەستپێشخەریی ئەمەریکا و فەرەنسایشی ڕەت کردووەتەوە.''
دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولی ڕابردوودا، کە دەنگی ٩٢.٦ی دەنگدەران "بەڵێ" بوو، (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراق چاوەڕێی بۆچوونی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی ڕیفراندۆمەوەی نەکرد و لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا، لەشکرکێشیی بۆ سەر کوردستان دەست پێ کرد. ئێستا بەشێکی زۆری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە ژێر کۆنترۆڵی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقدایە.
دادگای فیدراڵی بە پێی دەستووری هەمیشەییی عێراق، ئەرکی یەکلاکردنەوەی کێشە دەستوورییەکانی نێوان حکوومەتی بەغدا و هەرێم و پارێزگاکانی لەسەر شانە. سەرەڕای ئەوەی ناوەڕاستی ئەم مانگە، دادگای فیدراڵی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستانی بە "نادەستووری" ناو هێنا، بەڵام کورد تێبینیی لەسەر ئەو بڕیارە هەیە و پێیان وایە دادگاکە کەوتووەتە ژێڕ هێژمۆنیی حکوومەتی بەغداوە.
“مەترسییە گەورەکە”
(حەیدەر عەبادی) بەبێ یەک و دوو هەر دەستپێشخەرییەکی بۆ دانووستانی نێوان حکوومەتەکانی بەغدا و هەولێر ڕەت کردووەتەوە و ئەمەش بووەتە جێی پرسیار بۆ کورد.
(رێناس جانۆ) دەڵێت: ''پێمان سەیرە (حەیدەر عەبادی) بۆ پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکەی ئەڵمانیا نەکرد و ڕێگەی نەدا وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بێتە کوردستان. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی بۆ دانوستانەکان کردووە، بەڵام بەغدا ئامادە نییە، ئەوە جێی پرسیارە بۆ ئێمە.''
پێشتر کێشەکانی نێوان حکوومەتەکانی هەولێر و بەغدا ڕۆژەڤی میدیا عێراقییەکانی گرتبووەوە، بەڵام چەند ڕۆژێکە بۆ پرۆسەی ''ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی'' گۆڕاوە، کە لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە زۆر بە گەرمی قسەی لێ دەکرێت.
(ئەیاد عەلاوی)، جێگری سەرۆککۆماری عێراق زۆر بەڕوونی و ئاشکرایی ڕەخنە لە پرۆسە نوێیەکەی (عەبادی) دەگرێت و دەڵێت: ''ئەو هەڵمەتەی ناوی لێ نراوە پرۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، جگە لە بانگەشەی هەڵبژاردن هیچی دیکە نییە.''
بە بڕوای (رێناس جانوو) کە هاوکات وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، (حەیدەر عەبادی) کە ئێستا سەرقاڵی دۆسیەی گەندەڵییە، دەیەوێت وەک کارتێک بەرانبەر ڕکابەرەکانی دیکە بەکاری بێنێت. ئەو دەڵێت: ''ڕەنگە (عەبادی) سەرقاڵی ئەو کارە بێت، بەڵام ئەوە جێی قبووڵکردن نییە، بەو هۆیەوە کێشەکانی هەرێمی کوردستان پشتگوێ بخرێن.''
ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرای دەکات: ئێستا ''مەترسییەکی گەورە'' بەرۆکی عێراقی گرتووەتەوە و ئەویش ''نەمانی یەدەکی نەختینەیە لە بانکی نێودەوڵەتیدا''.
(رێناس جانۆ) دەڵێت: ''عێراق لە مەترسییەکەی گەورەدایە، ئەویش نەمانی یەدەکی نەختینەیە لە بانکی نێودەوڵەتی و دەرەنجامەکەی دابەزینی زۆری بەهای دیناری عێراقی دەبێت.''
هەر وڵاتیکی ئەندام لە بانکی نێودەوڵەتی، دەبێ نزیکەی ٤٢ ملیار دۆلاری یەدەک هەبێت، بەڵام ئێستا وەک شارەزایانی ئابووری ئاشکرای دەکەن، ئەگەر عێراق بۆ بوودجەی ئەمساڵی وڵات سوود لە نەختینەکەی وەبگرێت، ئەوە نەختینەکەی بۆ خوار ٤٠ ملیار دادەبەزێت و بەمەش عێراق تووشی مەترسییەکەی گەورە دەبێت.
کاوە جەم




