بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك: زەوی لە كورد وەردەگیرێتەوە و دەدرێتەوە عەرەبەكان

كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك دەڵێ، ئەو عەرەبانەی پێشتر گرێبەستی زەوییەكانیان ھەڵوەشاوەتەوە كە موڵكی كورد بوون، ئێستا جارێكی دیكە گەڕاونەتەوە سەر زەوییەكان و لە كوردی وەردەگرنەوە، بە جۆرێك جارێكی دیكە بەعەرەبكردن بە شێوەیەكی زەق لە كەركووك زیندوو كراوەتەوە.
(مەھدی موبارەك)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "پێشتر كە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا عەرەب بۆ ناوچەكە ھاوردە كرابوون و بە زۆر زەویی كوردیان بۆ خۆیان بردبوو و گرێبەستیشیان بۆ ئەنجام درابوو، دوای نەمانی رژێمی بەعس كورد جارێكی دیكە گەڕانەوە بۆ سەر زەوییەكانیان، بەڵام حكوومەتی عێراق لە ڕووی یاساییەوە ئەو كارەی یەكلا نەدەكردەوە و گرێبەستی عەرەبەكانی ھەڵنەوەشاندبووەوە و تەنھا ١٠%ـی یەكلا كرابووەوە، هەروەها بە كرداریش نزیكەی ٩٠%ـی خەڵكی كەركووك (كورد و توركمان) گەڕابوونەوە سەر زەوییەكانیان، بەڵام ئێستا جارێكی دیكە ئەو عەرەبانە دەگەڕێنەوە بۆ سەر زەوییەكان و لە كوردیان وەردەگرنەوە".
(موبارەك) گوتیشی، "ئێستا لە سنووری داقووق و دوبز بە زۆری عەرەبەكان لە رێگەی دادگاكان و ئیدارەكانەوە ئەو زەویانە لە كورد وەردەگرنەوە، چونكە پێشتر بەرپرسەكان كورد بوون و ئەو كارەیان بۆ نەدەكردن، ئێستا دوای ھاتنی ھێزە عێراقییەكان بۆ ناوچەكە، ئەو كارەیان بۆ دەكەن و زەویی كوردەكان دەدرێنەوە بە عەرەبەكان، چونكە بەرپرسەكان بوونەتە عەرەب".
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك دەشڵێ، ئەوەی ئێستا دەكرێت، زیندووكردنەوەی بەعەرەبكردنە بە شێوەیەكی زەق لە كەركووك و، جارێكی دیكە زەوی لە كورد وەردەگیرێتەوە و دەدرێتەوە عەرەبەكان.
بڵند ئیبراھیم




