موراد ئاغا: ھەشت كەس كوژراون.. زانیاری ھەیە كه چەند گرووپێكی شیعەن

خانەقین-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خانەقین ڕایدەگەیێنێت، دوای نەمانی ھێزی پێشمەرگە لە ناوچەكە، ئێستا چەندان گرووپی شیعە پەیدا بوونە و خەڵكی كورد و سوننە دەكەنە ئامانج، تەنیا لە چەند رۆژی رابردوویشدا، ھەشت كەس كوژراون.
(رەفعەت موراد ئاغا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "پێشتر ھێزی پێشمەرگە ناوچەكەی دەپاراست و كردەوەی تیرۆرستی كەمی كردبوو، بەڵام ئێستا كردەوەكان زیادیان كردووە و ھاووڵاتیانی كورد دەكرێنە ئامانج، پێش چەند رۆژێكیش لە گوندی شێرك باوك و كوڕێكیان تیرۆر كرد، كە كورد بوون و لە ناوچەكانی حەلوان لەناو باغ و بێستانەكان خۆیان حەشار دابوو، ئێستایش خەڵكی ئەو ناوچانە وردە وردە شوێنەكانیان لە ترسی شیعەكان چۆڵ دەكەن".
(موراد ئاغا) گوتیشی، "پێش چەند رۆژێك، كوڕ و باوكێكی دیكەیش كوژران، كە پیاوەكە موختاری گوندێك بووە، هەروەها شەوی رابردوویش لە سنوری جەبارە باوكێك و دوو كوڕ و ئاموزایەكی تیرۆر كراون، كە باوكەكە موختاری گوندێك بووە و ئەندامی ئەنجومەنیش بووە".
ئەندامەكەی ئەنجوومەنی شارۆچكەی خانەقین باسی لەوەیش كرد كە، زانیاری ھەیە ئەمانە چەند گرووپێكی شیعەن ئەو كارە دەكەن، بۆ ئەوەی كورد و سوننە بكەنە ئامانج، لەبەر ئەوەی تەنھا ئەوانیش دەكرێنە ئامانج و زیان بە شیعە ناگەیێنن، ئەمەیش دوای نەمانی ھێزی پێشمەرگە لە ناوچەكەدا دەستی پێ كردووە و لە چوارچێوەی پرۆسەی بەعەرەبكردن و بەشیعەكردنی ناوچەكەیە.
دەشڵێت، لیوای١١٠ـی حەشدی شەعبی كە كوردن، لە خانەقین بوو، ئێستا بڕیارێك لە بەغداوە ھاتووە كە ئەوانە بگوازرێنەوە و لیوایەكی حەشدی شەعبی بێتە ناوچەكە، چونكە وەكو خۆیان باسی دەكەن، متمانەیان بە كوردەكان نییە و لەگەڵ هاووڵاتیانی كورددا نەرمن.
بڵند ئیبراھیم




