٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دۆخی عێراق کۆ دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info


هەولێر-KDP.info- بە گوێرەی کارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ ئەنجومەنەکە بە سەرۆکایەتیی ئیتاڵیا پێوەست بە ڕەوشی عێراق کۆ دەبێتەوە.


ئەنجومەنەکە لەسەر دۆخی عێراق وەک کۆبوونەوەیەکی دەوری، تاوتوێی دۆخی ئێستای عێراق دەکات و پێشبینیکراوە کە لە دوای کۆبوونەوەکە، ڕاگەیاندراوێک لەبارەی دۆخی هەولێر و بەغداش دەربچێت.

ئەنجومەنەکە لە مانگی ڕابردوودا بە سەرۆکایەتیی فەرەنسا کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ڕاگەیاندراوێکی ڕاگەیاند، کە تێیدا داوای کرد هەولێر و بەغدا دیالۆگ بکەن و شەڕ ڕابگرن.

بۆ ئەمڕۆش لە کۆبوونەوەکەدا پشت بە ڕاپۆرتێکی تایبەت بە عێراق دەبەسترێت، کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دوا ڕەوشی عێراق لە شەڕی تیرۆر و بارگرژییەکان سەرنجی لەسەر دراوە.

سەبارەت بە پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغداش ئەنجومەنەکە قسەی نوێی دەبێت، کە پێ دەچێت زیاتر پێداگری لەسەر دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بکات.

ئەوەی تا ئێستا دیارنییە ئایا ئیتاڵیا سەبارەت بە ڕەوشی ناوچەی دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکە  ئەو ڕاپۆرتانە بە هەند وەردەگرێت، کە کریستیانەکان لە ڕێگەی کەنیسەکانەوە پێیان داون و خستوویەتییە نێو ئەجێندای کۆبوونەوەکە؟ بەڵام ئەوەی کە روونە کۆبوونەوەکە لە بەرنامەی کاردا نووسراوە (پرسی پێوەندار بە عێراق).

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ٥ دەوڵەتی هەمیشەیی پێک دێت کە هەریەک لە ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ڕووسیا و چین لەخۆ دەگرێت.
هەروەها ١٠ دەوڵەتی دیکەی ئەندامی ئەنجومەنەکەش لەخۆ دەگرێت، کە کاتین، واتە بە گوێرەی کات دەتوانرێت ئەندامەتیان لە ئەنجومەنەکە نەمێنێت و دەوڵەتی دیکە شوێنیان بگرێتەوە.

ئێستا ئەو ١٠ دەوڵەتەی بە کاتی ئەندامن، بریتین لە بۆلیڤیا، میسر، ئەسیوپیا، ئیتاڵیا، یابان، کازاخستان، سنگال، سوید، ئۆکرانیا، ئۆرۆگوای.

بە گوێرەی ماددەی ٢٤ لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان دەسەڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بریتییە لە نوێنەرایەتیکردنی سەرجەم ئەو دوڵەتانەی کە لە نەتەوە یەکرگتووەکان ئەندامن و کاری خێرا و چالاکی پێ دراوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئاشتی و سەقامگیریی نێودەوڵەتی بە گوێرەی پرەنسیپ و بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

بە گوێرەی ماددەی ٣٩ لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان دەسەڵات دراوەتە ئەو ئەنجومەنە کە لە هەر شوێنێکی دنیا هەڕەشە هەبێت، یان تیرۆر، یان بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، یان چەکی دیکە بۆ کوشتن، یان دەسترێژیی دوژمنکاری، یان ململانێی ناوخۆیی، ئەوا ئەنجومەنی ئاسایش حاڵەتەکە دیاری دەکات و هەوڵ دەدات کە بارگرژییەکە نەهێڵێ.
بە گوێرەی ماددەی ٤٢ لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجومەنی ئاسایش لەو شوێنەی کە بارگرژی هەیە وەک لە ماددەی ٣٩ دیاری کراوە دەتوانێ ڕاستەوخۆ لیژنە ڕەوانە بکات و ئیجرائاتی پێویست فەرز بکات.

هەر بە گوێرەی ماددەی ٤٢ بۆ نەهێشتنی بارگرژی، یان ئەگەر لایەنێک بەهێز درێژە بە تێکدانی سەقامگیری بدا، ئەوا ئەنجومەن دەتوانێ بە فەڕزی هێزی ئاسمانی، یان زەمینی، یان کردەی سەربازی بڕیار بدات بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

بە گوێرەی ماددەی ٥١ هەموو ئەو شوێنەی هێرشی دەکرێتە سەر مافی بەرگری لە  خۆی هەیە، ئەگەر بێت و بە چەک هێرشی کرایە سەر، بۆیە ئەنجومەنی ئاسایش دەتوانێ بۆ پارێزگاریکردن لێی بێتە دەنگ.

جێی ئاماژەیە مانگی دابێ ژاپۆن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەردەگرێت.
 
شاو

هەواڵی پەیوەندیدار