٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ماجید بازرگان: ئەوانەی تاوان دژی كورد ئەنجام دەدەن، نوێنەری توركمان نین

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- نوێنەرێكی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان باوەڕی وایە، ئەوانەی لە كەركووك و خورماتوو بە ناوی توركمانەوە تاوان دژی گەلی كورد ئەنجام دەدەن، نوێنەری گەلی توركمان نین و دەشڵێ، بەشێك لە توركمانەكانی كەركووك و خورماتوو ئەجێندایەكی دەرەكی جێبەجێ دەكەن.

(ماجید بازرگان)، نوێنەری توركمان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ھەردوو گەلی كورد و توركمان مێژوویەكی دێرینیان لە پێكەوەژیان ھەیە و لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە بە تەواوەتی تێكەڵ بە یەكدی بوونە، بەڵام بە داخەوە ھەندێ كەس و لایەنی توركمانی بە ناوی گەلی توركمان لە ناوچەكانی سنووری ماددەی ١٤٠تاوان بەرانبەر بە برایانی كورد ئەنجام دەدەن و ھەوڵی تێكدانی برایەتی و پێكەوەژیان ھەیە لە ناوچەكانی كەركووك و خورماتوو، ئەوەیش خزمەت بە پڕۆسەی پێكەوەژیان ناكات لە عێراق و ھەرێمی كوردستان، چونكە چەندین ساڵە ئێمە كار بۆ پێكەوەژیان دەكەین بە تایبەتی پەیوەندیی كورد و توركمان و عەرەب، پەیوەندیەكی مێژووییە و ئەوانەیشی كار بۆ تێكدانی ئەو پەیوەندییە دەكەن، توركمانی رەسەن نین".

گەلی توركمان لە ھەرێمی كوردستان بەشدارییەكی كارای لە حكوومەت و پەرلەمان و دامودەزگە شەرعییەكاندا ھەیە و لە پرسە چارەنووسسازەكاندا رۆڵ و دەنگیان بەرچاو دەگیرێت، وەك نوێنەرەكانیان ئاماژەی بۆ دەكەن، لە سایەی ھەرێمی كوردستانەوە چەندین مافیان بە دەست هێناوە كە پێشتر خەباتیان بۆ دەكرد، (بازرگان) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "مەبەستم لە رەسەن ئەوەیە، توركمان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، توركمانی نەتەوەیی و توركمانی مەزھەبی، بەداخەوە بەشێك لە توركانەكان لە رێبازی گەلەكەیان لایانداوە و بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندایەكی دەرەكی و لەسەر بنەمای مەزھەبی كار بۆ ئاڵۆزكردنی پەیوەندیی نێوان نەتەوەكان و تێكدانی رەوشی ناوچەكە دەكەن، ئێمە وەك گەلی توركمان ئەوانە بە نوێنەری خۆمان نازانین و ئەوانانەی دەشیكەن خۆیان لێی بەرپرسیارن نەك توركمانە رەسەنەكان".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار