دیاری حوسێن: ئێمە لەگەڵ ئەوەین پارێزگاری کەرکووک کورد بێت بەڵام ئەوان ناهێڵن
__2017_11_21_h18m7s57__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- لە کەرکووک هەوڵێکی دیکەی عێراق ئەوەیە کە پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووکی داگیرکراو دابنێن، بەرپرسێکی پارتیش لە کەرکووک دەڵێت، ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە پارێزگاری کەرکووک کورد بێت، بەڵام ئەوان ناهێڵن.
ئەمڕۆ دووبارە هەوڵێکی دیکە درایەوە بۆ ئەوەی لە دەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و لایەنە کوردستانییەکان کۆ بوونەوە بکرێت و پارێزگاری نوێی کەرکووک دابنرێت، بەڵام هەوڵەکان لەو بارەوە شکستیان هێناوە، چونکە بەبێ پارتی و یەکگرتوو و لایەنەکانی دیکە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ناکرێت، پێشتر (ئەحمەد عەسکەری) لە لیستی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: ''تا سەر چاوەڕێ نابین ئەگەر لیستی هاوبەش کۆ نەبتەوە، ئەوا یەکێتی لەگەڵ تورکمان و عەرەبی کەرکووک ڕێک دەکەوێت و کۆ دەبێتەوە و پارێزگارەکی نوێ دادەنێت.''
(دیاری حوسێن)، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''هەموو لایەکمان دەزانین کەرکووک داگیر کراوە، حەشد ڕۆژانە خەڵک دەگرن و دادگاشیان داناوە، لەگەڵ ئەوەداین گرفت دروست نەبێت و دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر، بەڵام حەشد دەستی بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتووە و بەئاسانی جێیان ناهێڵێت، ئەو بارودۆخەش ناچێتەوە دۆخی جارانی، هیچ پۆستێک نادرێتەوە بە کورد، بەڵام بێ تەنازولکردن و دداننان بە داگیرکاریی کەرکووک و گوێڕایەڵ نەبوون بۆ حەشد، ئەوان هیچ پۆستێک نادەن بە کوردستان و هەرکەسێک ئەوە بکات بێگومان پۆستی دەدرێتێ، بۆیە دەبێ کورد لەو ڕوانگەوە خۆی یەکلا بکاتەوە، ئێمە لەگەڵ ئەوەین پارێزگار کورد بێت، بەڵام ئەو پۆستە نادرێتەوە بە کورد.''
(دیاری حوسێن) گوتیشی: ''عەرەب ئامادە نین ئەو پۆستە بدەنەوە بە کورد، بۆیە ئێمە قەت ڕازی نین، بچینەوە شارێک کە داگیر کرابێت و لەوێ پارێزگار دابنێین و پارێزگاریش تا ئێستا (د.نەجمەدین کەریم)ـە، ئەنجومەنیش بڕیاری لەسەر داوە، چونکە کاتی خۆی بەغدا لای دا، بەڵام ئەنجومەن بڕیاری مانەوەی داوە، بۆیە ئەگەر بیانتوانیایە دایبنێن، دەمێک بوو پارێزگاریان دادەنا، بەڵام ناتوانن.''
(دیاری حوسێن) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''ئەگەر ئەوان لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان ڕێک کەوتن، ئەوا دداننانە بە داگیرکاریی کەرکووکدا و دووبارە فرۆشتنەوەیەتی و بۆ ئەو فرۆشتنەوەیەش تەنازول کراوە.''
کارزان سەباح هەورامی




