لە قەزای دوبز فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ٣٢٢ کەس دەرچووە
__2017_11_21_h17m8s31__ER.jpg)
دوبز-KDP.info- لە قەزای دوبز فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ٣٢٢ کەس دەرچووە، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەو قەزایەش دەڵێت، ھەندێک لەوانە پێش چەند ساڵێک فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و ئێستا بەنیازن ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن.
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەرکووک –گەرمیان، (عەدنان کەرکووکی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە قەزای دوبز فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ٣٢٢ کەس دەرچووە لە پێکھاتە و نەتەوە جیاجیاکان، ھەریەکە لەوانە بە تاوانێک و پێشتر ئەو فەرمانە ھەبووە، ئێستا ھاتوون بۆ مەرامی خۆیان جێبەجێی دەکەن.''
بەڕێوەبەری ئاسایشی دوبز، (عەلی محەمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بەشێک لەوانە کوردن و پێش ساڵی ٢٠١٤ فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە و ئێستا دەیانەوێت دەستگیریان بکەن و تۆڵەیان لێ بکەنە، بەڵام ئەمانە ئەمەیان کردووەتە بیانوو، چونکە جگە لەوانە بەردەوام خەڵکی دەستگیر دەکەن و ماڵەکان تاڵان دەکەن، کە خەڵکیان تێدا نییە، یان کارگەکان، کە خاوەنەکانیان لە ترسی حەشدی شەعبی ڕایان کردووە.''
(عەلی محەمەد) گوتی: ''پێش چەند ڕۆژێک چەند کوردێکیان ڕفاندووە، کە من دەزانم ئەوانە ھیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە و تاوەکو ئێستاش چارەنووسیان دیار نییە، بۆیە ئەوان دەیانەوێت تەسفیەحیساب لەگەڵ کوردەکان بکەن، ئینجا ھەریەکە لەوانە بە بیانوویەک دەستگیر دەکەن.''
بە گوتەی (محەمەد) بەشێک لەوانە کە کوردن، ساڵی ٢٠١٤ بە تۆمەتی خۆپێشاندان لە لایەن دادوەرەوە فەرمانی گرتیان بۆ دەرچووبوو، بەڵام فەرمانەکە جێبەجێ نەکرا، ئێستا حەشدی شەعبی ھاتوون دەیانەوێت ئەمە نوێ بکەنەوە و بەو بیانووە دەستگیریان بکەن، لە کاتێکدا چەند ساڵێکی بەسەردا تێپەڕبووە.''
بڵند ئیبراھیم




