٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە دەشتی نەینەوا حەشدی شەعبی کێشە بۆ خوێندنی کوردی دروست دەکات

سەرچاوە: KDP.info


مووسڵ-KDP.info- بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای بەردەڕەش دەڵێت، لە دەشتی نەینەوا نزیکەی٣٠ قوتابخانەی خوێندنی کوردی ھەیە، بەڵام حەشدی شەعبی کێشەیان بۆ دروست دەکات و تا ئێستا لە سەنتەرەی ناحیەی باشیک نزیکەی ١٠ قوتابخانە داخراون و خوێندنیان تێدا نەکراوە.

بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای بەردەڕەش، (غازی ڕەمەزان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە دەشتی نەینەوا نزیکەی  ٣٠ قوتابخانەی خوێندنی کوردی ھەیە، بەڵام بە ھۆی ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ ئەو ناوچانە خوێندن لەو قوتابخانە وەستابوو، بۆیە لە ماوەی ھەفتەی ڕابردوودا توانیمان لە ھەندێک قوتابخانە بە ھەوڵێکی زۆر دەست پێ بکەینەوە، بەتایبەت لە سێ گوندی سنووری باشیک کە شەبەکنشینن.''

ئێستا نزیکەی ١٠ قوتابخانەی خوێندنی کوردی لە ناو سەنتەری ناحیەی باشیکدا ھەیە، ھێشتا خوێندنی تێدا نەکراوە، (غازی رەمەزان)ـیش دەڵێ لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی خوێندن لەو قوتابخانانەش دەست پێ بکاتەوە، چونکە ئێستا حەشدی شەعبی لە باشیکە.

گوتیشی: ''نزیکەی ٣٥٠ مامۆستاشمان لە دەشتی نەینەوا ڕێگەیان پێ نەدەدرا، بێنە ھەرێم دەرس بڵێنەوە، بەڵام دوای ھەوڵدانێکی زۆر ڕێگەیان پێ داون و ئێستا ئەوکێشەیە چارە کراوە.''

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار