ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دژی بڕیاری دادگاكهیان وهستانهوه

هەولێر-KDP.info- ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەبێ بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی لیستی برایەتیی کەرکووک، تەنیا توانییان بۆ ماوەی ١٥ خولەک کۆ ببنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان و دەستووری عێراق، ئەو کۆبوونەوەیە نادەستوور و نایاساییە.
دوای رووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەری رابردوو و لەشکرکێشیی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک و ناوچەکانی دەورووبەری، ئەوە بۆ یەکەمجارە کە ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایە دەتوانێ رێژەی یاسایی بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەیەک تەواو بکات. زۆرینەی ئەندامانی لیستی برایەتیی کەرکووک ئەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە نەبوونە و ئەنجوومەنەکە تەنیا بۆ ماوەی ١٥ خوولەک کۆ بووەتەوە.
(محەممەد کەمال) سەرۆکی لیستی برایەتیی کەرکووک، جەخت دەکاتەوە، "ئەو کۆبوونەوەیە بە تەواوی نایاساییە، چونکە بەپێی یاسا تەنیا سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکەی بۆیان هەیە کۆبوونەوە بەڕێوە ببەن نەک بڕیاردەری ئەنجوومەن." ئێستا سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەی هیچ کامیان لە کەرکووک نین و بەشداریی ئەو کۆبوونەوەشیان نەکردووە.
دوێنێ دادگای باڵای فیدراڵی، لە بارەی ریفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری دا. لە بڕیارەکەی ئەو دادگایەدا هاتووە کە "ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان دەستووری نەبووە و سەرجەم شوێنەوار و دەرەنجامەکانی هەڵدەوەشێتەوە."
بەپێی ئەو بڕیارەی دادگا کە جەخت لەسەر "هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم شوێنەوار و دەرەنجامەکانی ریفراندۆم" دەکاتەوە، پێویستە دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە. (محەممەد کەمال) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، "بەپێی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵییش، کۆبوونەوەی ئەمرۆی ئەنجوومەن نادەستوورییە و دەبێ دۆخی کەرکووک ئاسایی بێتەوە و ئەو کات کۆبوونەوە بەڕێوە بچێت."
لە یەکەم هەوڵی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا، بە هۆی هەبوونی کێشەوە، ئەندامانی پێکهاتەکانی تورکومان عەرەب نەچوونەتە هۆڵی کۆبوونەوەوە، کە تەنیا ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەی بوون، ئامادەسازانی کۆبوونەوەکە شکستیان بردووە، بەڵام دواتر بەشێک لە عەرەب و تورکمانەکانیش بەشدار بوونە.
بەشداربوونیشیان بەگوێرەی زانیارییەکان، پێوەستە بە داخوازیی پێکهاتەکانی تورکومان و عەرەب کە سەرەکیترینیان، لادانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و ئیدارەدانی کۆبوونەوەکەیە لە لایەن بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەن کە لە لیستی تورکومانییە بە ناوی (مەجید عێززەت) و، ئەوان دەیانەوێ، بەر لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە، لیستەکان کۆ ببنەوە و گفتوگۆ لەوبارەیەوە بکەن.
(محەممەد کەمال) سەبارەت بە نیاز و ئامانجی کۆبوونەوەکە دەڵێ، "ئەوان دەیانەوێ پارێزگار بگۆڕن و ئەمەش نیازی سەرەکیی یەکێتییە، چونکە پێیان وایە بەو کارە بەشێک لە هەیمەنەیان بۆ دەگەڕێتەوە. لەلایەکی دیکەوە عەرەب و تورکمانەکانیش خواستی گۆڕینی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگایان هەیە."
ئێستا (نەجمەددین کەریم) لەسەر پشکی یەکێتی، پارێزگار و (رێبوار تاڵەبانی) لەسەر پشکی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکن.
ئەو بەشەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە ئەمرۆ لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار نەبوون، جەخت دەکەنەوە کە تا دۆخی کەرکووک ئاسایی نەبێتەوە، بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکەیاندا ناکەن.
کاوە جەم




