عه‌لى دۆڵه‌مه‌رى: گروپى دۆستایه‌تى كوردى و فه‌ڕه‌نسى لە ئەنجوومەنی پیران پێشوازی لێ کرا

فه‌ڕه‌نسا-KDP.info- نوێنه‌رى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له وڵاتى فه‌ڕه‌نسا ڕایده‌گه‌ینێت: كار ده‌كه‌ن بۆ درووستكردنى گروپى توێژینەوەی دۆستایه‌تى كوردى و فه‌ڕه‌نسى له سێناتى وڵاتى فه‌ڕه‌نسا و له ئێستا دا ده‌ستیان پێ كردووه، "لە لایەن ئەنجوومەنی پیرانیشەوە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێ کراوە".
دکتۆر (عه‌لى دۆڵه‌مه‌رى) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "وه‌كو نوێنه‌رایه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له وڵاتى فه‌ڕه‌نسا له هه‌وڵداین و كار ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى گروپێكى توێژینەوەی دۆستایه‌تى كوردى و فه‌ڕه‌نسى له سێناتى فه‌ڕه‌نسا (ئه‌نجوومه‌نى پیران) دروست بكه‌ین".
وڵاتى فه‌ڕه‌نسا یه‌كێكه له دۆسته‌كانى گه‌لى كورد و یه‌كه‌م وڵاته هه‌میشه به هاناى كورده‌وه هاتووه، ئێستا لە ئەنجوومەنی پیران و په‌رله‌مانى فه‌ڕه‌نسا هه‌ڵبژاردن كراوه و خه‌ڵكى نوێ هاتوونەتە ساحەی سیاسی ئەو وڵاتە، هەربۆیەشە (دۆڵەمەڕی) دەڵێت: "بۆیه وه‌كو نوێنه‌رایه‌تى حکوومەتی هەرێمی کوردستان په‌یوه‌ندیمان به چه‌ند سیناتۆرێكه‌وه كردووه و یه‌كێك له‌وانه كه دۆستى كورده، بەرێز (رێمی فێرود) و ھاوکارەکەی لە ئوفیسی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، سه‌ردانى ئێمه‌ى كرد، باسمان لە بارودۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان كرد".
له ئێستادا ئەو پڕۆژەیان پێشكه‌شی سێناتی فەڕەنسا كردووه، وەک نوێنەرەکەی حکوومەتی هەرێم هێمای بۆ کرد، لە لایەن سێناتی ئەو وڵاتەوە به خۆشحاڵییه‌وه قە‌بووڵكراوه، به‌ڵام كاتى پێویسته، گوتیشی: "دەبێت بزانین چه‌ند سیناتۆر به‌شدار ده‌بن لەو گروپه، تاوەکو بتوانین سه‌ردانى كوردستان بكه‌ین و هه‌روه‌ها شاندەکانی هەرێمی كوردستان، كه دێن بتوانین بچین بۆ سێناتى فه‌ڕه‌نسا بۆ زانیارى، هه‌روه‌ها درووستكردنى په‌یوه‌ندى له نێوان په‌ڕله‌مانتارانى كوردستان و په‌ڕله‌مانتارانى فه‌ڕه‌نسا و سیناتۆره‌كانى سێناتى فه‌ڕه‌نسا له‌گه‌ڵ زۆر بوارى تریش له به‌رنامه‌ماندایه".
فه‌ڕه‌نسا سیسته‌مى نیمچه سه‌رۆكایه‌تییه، دواى ده‌رچوونى بڕیاره‌كان له سه‌رۆكایه‌تى، ده‌چنە په‌ڕله‌مان و دوا بڕیاریش له سێناتى فه‌ڕه‌نسایه، هەربۆیەشە (عەلی دۆڵەمەڕی) پێیوایە سێنات بۆ كورد گرنگییەکی زۆری هەیە، "بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین زانیارى درووستیان له باره‌ى ڕه‌وش و بارو‌دۆخمانیان پێ بده‌ین، ئه‌وانیش پاڵه‌په‌ستۆ بخه‌نه سه‌ر حكوومه‌تى فه‌ڕه‌نسا و به تایبه‌تیش سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا، تاوەکو پاڵپشتى زیاترى گەلى كورد بكه‌ن، هه‌ر وه‌ك تا ئێستا كردوویانه، بۆیه له ئێستا دا ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ هه‌موو حیزبه‌كانیش په‌یوه‌ندى به‌هێز دروست بكه‌ین، به‌ره‌و پێشیشی ببه‌ین، كه ئامانجى ئێمه‌یه".
نه‌شوان به‌رزنجی




