قوباد تاڵه‌بانی بۆ حزبه‌كه‌ی: كۆنگرەیەكمان ناوێت بۆ تۆڵەسەندنەوە و یەكتر سڕینەوە

هه‌ولێر-KDP.info- وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ی له‌وه‌ی كه، كۆنگرەیەكیان ناوێت بۆ تۆڵەسەندنەوە و یەكتر سڕینەوە، له په‌یامیدا بۆ یه‌كێتییه‌كان، (قوباد تاڵه‌بانی) داوا لە سەرجەم ئۆرگان و دامودەزگاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات، بە فەرمی و بە دەنگی دلێرەوە، داوای بەستنی کۆنگرەیەکی ئاسایی بکەن و، گوشار بكه‌ن کە ئەم کۆنگرەیە تاوەکو کۆتایی مانگی یەک (کانوونی یەکەم) ببەسترێت.
(قوباد تاڵەبانی) له په‌یامه‌كه‌یدا كه بۆ ئەندامانی یەکێتییه، نایشارێته‌وه كه، یەکێتی لە دۆخێکی سەخت و دژوار و نالەباردایە و، رووبەڕووی هەڕەشە و مەترسیی گەورە بووەتەوە و ده‌ڵێ ''بۆ ئەوەی یەکێتی بتوانێت رۆڵی خۆی ببینێت لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەموو هەڕەشە دەرەکی و نێوخۆییانەدا و خەبات بکات لە پێناوی پاراستنی یەکپارچەیی کوردستان و دەربازکردنی لەم هەلومەرجە نەخوازراوەدا، کاتی هاتووە یەکێتی دڵسۆزانە هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ خۆی بکات، به‌خۆیدا بچێته‌وه و ده‌ست بخاته سه‌ر برینه‌كانی و چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه، دان بە هەڵەکانیدا بنێت و خۆی ئامادە بکات بۆ قۆناغی نوێی خەباتی سیاسی لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەمان.''
به بڕوای (تاڵه‌بانی) تاکە هەنگاو کە یەکێتی دەخاتە سەر ڕێچکەیەکی دروست، بەستنی کۆنگرەیەکی ئاساییە. به‌ستنی کۆنگرەیەک كه وەک ئه‌و ده‌ڵێ، تەنها لە پێناو گۆڕینی دەموچاوه‌كاندا نه‌بێ و به‌ڵكه ببێتە هۆکارێک بۆ دەرفەتدان بە کادر و پسپۆڕ و سەردەمیەکانی یه‌كێتی.
(قوباد تاڵه‌بانی) له په‌یامه‌كه‌یدا كه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه بڵاوی كردووه‌ته‌وه ڕایده‌گه‌یێنێ ''كۆنگرەیەكمان ناوێت بۆ تۆڵەسەندنەوە و یەكتر سڕینەوە، کۆنگرەیەکمان دەوێت کە دەرئەنجامەکانی ببنە هۆکاری بەهێز بوونی یەکیەتیەکەمان، ئەمەش زەمینەسازی دەوێت''، ده‌شڵێ ''ئەوەی کە دەیەوێت بە شپرزەیی و بە نیەتی کودەتا بمانباتە ناو كۆنگرە، ئەوە لە ڕاستیدا دەیەوێت بە لێكترازان و شپرزەی لێی دەرچین و كۆنگرەش بكەنە مەیدانی ململانێی کەسیەتی و مینبەرێك بۆ بەرژەوەندیە تایبەتەکانیان.''
ئه‌و داوایش له یه‌كێتییه‌كان ده‌كات ''با چیتر یەکتر نەشکێنین، واز له تۆمه‌تی بێ بنه‌ما بهێنین، چیتر درۆ لەگەڵ یەکتریش نەکەین، سه‌رنجی كامێرا‌كان ڕانه‌كێشین و وێنەی چەواشەکاری لەگەڵ یەکتردا بگرین تا وا له کادیرەکانمانی بگه‌یه‌نین کە کێشەمان نیە و هەمووشتێک ئاساییە، ئەندام و کادیرەکانمان زۆر لەوە وریاترن.''
ئه‌و له كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا، هه‌روه‌ها داوا لە سەرجەم ئۆرگان و دامودەزگاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات، ''بە فەرمی و بە دەنگی دلێرەوە، داوای بەستنی کۆنگرەیەکی ئاسایی بکەین، فشار بكه‌ین کە ئەم کۆنگرەیە تاوەکو کۆتایی مانگی یەک (کانونی یەکەم) ببەسترێت، داوا بکەن چیتر بە ناو و هەوڵی جیا جیا‌وه رێگری لە نوێکردنەوەی حیزبەکەمان و پەیمان و روئیای حیزبەکەمان نەگیرێت.''




