٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کریستیانەکان: لە ڕێگەی کەنیسەکانەوە داوایان لە یوئین و ئەمەریکا کردووە بێنە سەرهێڵ..دەبێ حەشد بڕوات

سەرچاوە: KDP.info

دەشتی نەینەوا-KDP.info- نوێنەرێکی کریستیانەکان دەڵێت، بە ڕێگای کەنیسەکانەوە یوئین و ئەمەریکایان لە کردەوەکانی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا ئاگادار کردووەتەوە و دەبێ بێنە سەرهێڵ و حەشد لەو ناوچانە نەهێڵن.

کریستیانەکان کە لە عێراقدا زۆرینەیان لە دەشتی نەینەوا نیشتەجێن، لەسەر ڕەفتارەکانی حەشدی شەعبی و داگیرکردنی ناوچەکانیان هاتوونەتە سەرهێڵ و ئێستاش دەرفەتێکی گونجاویان بەدەستەوەیە، چونکە ئیتاڵیا ئێستا سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات و ئەوان چاویان لەسەر ئیتاڵیاییە، تا ڕۆڵی هەبێت لە وەردەرنانی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا.

بە گوێرەی زانیارییەکان چەند ڕێکخراوێکی مەسیحی کە دەستیان لە جیهاندا دەڕوات، هۆشدارییان دابووە جیهان کە حەشد دەیەوێت ناوچەکانیان داگیر بکات و مەسیحییەکان بکوژن.

نوێنەری کریستیانەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک دەڵێت: ''دۆخی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا زۆر خراپە، بەتایبەت لە قەزای تلکێف، کە زۆرینەی ئاوارە بوونە و ناتوانن لە ترسی حەشدی شەعبی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، ئەوانەی لە تلکێف و ناوچەکانی دیکەی دەشتی نەینەواش ماون، دەترسن و حەشدی شەعبی زۆر بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات.''

(لینۆس عۆدیشۆ پترس)، کە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆکە زانیاریی زیاتر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دا و گوتی: ''کرستیانەکان بە فەرمی لە ڕێگای کەنیسەکانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکایان لەسەر پێشلکارییەکانی حەشدی شەعبی ئاگادار کردووە و دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەم پێشێلکاریانە هەبێت و بێنە سەر هێڵ و حەشد وەدەر بنێن.''

ئەو نوێنەرەی کریستیانەکان گوتی: ''چاومان لە ئیتاڵیاشە کە ئێستا سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات، بۆ ئەوەی ڕۆڵی هەبێت لە وەدەرنانی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا.''

وەک نوێنەرەکەی کریستیانان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک گوتی، حەشدی شەعبی مەترسییەکی گەورەیە لەسەر داهاتووی کریستیانەکان، بۆیە ئەوان داوایان کردووە بە زوویی جیهان بێتە سەرهێڵ.

پەیوەست بەم پرسە، (کاوە عیدۆ خەتاری)، بەرپرسی ڕێکخراوی جڤین بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە دەشتی نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: ''بە هۆی کردەوەکانی حەشد لە ناوچەکە و بەتایبەتی لە ناوچەی تلکێف زیاتر لە ١٠٠٠ خێزان ئاوارە بوونە و لە تەواوی دەشتی نەینەوادا زۆرینەی کریستیانەکان لە شار و گوندە مەسیحیەکاندا نەماون و هەموویان ئاوارەی پارێزگای دهۆک و دەوروبەری بوون و چەندین جۆر زیانیان پێ گەیشتووە. هەندێکیان بە هۆی بۆردومانکردنی شەڕی دوای ١٦ ئۆکتۆبەری ئەمساڵ کە حەشد هێرشی هێنا، بەتەواوی ناوچەکانیان لێ خاپوور کراوە''


كــــاروان بـــاعــەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار