٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"خروقاتی حەشدی شەعبی لە کەرکووک بەردەوامە"

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، لە سایەی ئەو داگیركاریەی كە لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێرانەوە كراوە، دۆخی كەركووك ئێستا زۆر خراپە و ترس و تۆقاندن بەردەوامە، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك قەنناسبەدەستیان لەسەر باڵەخانەكان داناوە.

) عەدنان كەركووكی)، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''دۆخی كەركووك ئێستا زۆر خراپە، لە سایەی ئەو داگیركاریەی كە لە لایەن حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێرانەوە كرا، ترس و تۆقاندن بەردەوامە، لە ڕووی ئەمنییەوە، لە هەموو گەڕەكە كوردییەكان مەفرەزەكانی حەشدی شەعبی دابەش بوونە و ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و ماڵی هاووڵاتییان تاڵان دەكەن و لەسەر بینا بەرزەكانیش قەنناسبەدەستیان داناوە، بۆ ئەوەی هەر جووڵەیەك لە لایەن كوردەوە هەبێت، لێیان بدەن، ئەوەش بۆ ترس و تۆقاندنی خەڵكە و وای کردووە خەڵك هەست بە نائارامی بكات، بەتایبەتی شەوانە خەڵك دەگرن و هێرشیان دەكرێتە سەر.''

(عەدنان كەركووكی) ڕوونیشی كردەوە: ''كەركووك بە داگیركراو دەزانین، هەر لەبەر ئەوەش بڕیارمان داوە تا كەركووك داگیركراو بێت، نەگەڕێینەوە، ئەمڕۆ حاكمی سەربازی لەوێ حوكم دەكات، دوای 16ی مانگی ڕابردوو بە هیچ جۆرێك ڕێگە نەدراوە کە هەتا ئێستا چالاكیی سیاسی و مەدەنی لە كەركووك ئەنجام بدرێت، دەبێت تۆ بچییە ژێر مەرجەكانی ئەوانەوە، ئەمانە كۆمەڵێك ئیجرائاتی توندی تەعەسوبی دیكتاتۆرییە، كە لە كەشێكی لەو شێوەیەدا چۆن دەتوانی كار و چالاكیی سیاسیی خۆت ئەنجام بدەی، بۆیە دەبێ كەشێكی سروشتی بێت، ئەوكاتە بە پێی یاسای حزبەكان، كە هەموو حزبەكان بۆیان هەیە كار و چالاكیی خۆیان ئەنجام بدەن، ئێستا ئەوە نییە و حاكمێكی سەربازی هەیە و بە كەیفی خۆی بڕیار دەردەكات و ڕێگەت لێ دەگرێت و  دەرفەتی ئەوە نادات، كاری خۆت بكەیت، لە هەر شوێنێكیش كە داگیركراو بێت، دەرفەتی چالاكیی سیاسی نامێنێت.''


ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار