حکوومەتی هەرێمی کوردستان: دەبێ لایەنی سێیەم تەفسیر بۆ دەستووری عێراق بکات

هەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) جەختی کردەوە کە کێشەکانی ئێستەی عێراق بە هۆی لێکدانەوەی یەکلایەنە بووە بۆ دەستوور و ئاشکرای کرد کە داوای لایەنی سێیەم دەکەن بۆ تەفسیرکردنی دەستووری عێراق.
ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، لە بڕیارێکی نوێدا ئاشکرای کرد کە بەڕێوەچوونی پرۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان "نادىستوورییە".
تەنیا چەند سەعاتێک بەسەر ئەو بڕیاری دادگای فیدراڵیدا تێنەپەڕی کە سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەریمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) بە راستەوخۆیی وەڵامی ئەو بڕیارەی دادگەی دایەوە.
سەرۆکوەزیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند "هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونە و پێش و دوای ریفراندۆم گوتوومانە کە ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت، ئێمە هیچ کێشەکمان نامێنێ، بەڵام دەبێ هەموو مادەکانی دەستوور جێبەجێ بکرێن. ئەوەی بووە هۆی ئەوەی کە کوردستان بیر لە شتی دیکە بکاتەوە ئەوە بوو بەغدا ئامادە نەبوو دەستوور جێبەجی بکات. لە دیباجەی دەستووری عێراقدا بە روونی باس کراوە کە جێبەجێکردنی تەواوی دەستوور، زامنی یەکپارچەیی عێراقە."
(نێچیرڤان بارزانی) ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە میانەی کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ شاندی ئەمەریکایی و لە پیوەندی تەلەفۆنی نیوانیاندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، داوایان کردووە "لایەنێکی سێیەم" بۆ تەفسیری دەستوور بێتە نێوانیان.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ،"کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا دەکات بە پێی دەستوور کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بکرێن و ئەمەریکاش بە روونی جەختی کردووەتەوە کە دەیەوێ هەرێمی کوردستانێکی بەهێز بە پێی دەستوور لە چوارچێوەی عێراقدا بێت. ئەگەر بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خوازیاری عێراقێکی سەقامگیرن، دەبێ هەموو ماددە دەستوورییەکان جێبەجێ بکرێن، چونکە دەستوور یەک پاکێجە و ناکرێ لە بەغداوە وەک ئەوەی لە مینۆیەکدا ماددەیەک هەڵبژێرن، هەر ئەو ماددەیە جێبەجی بکەن".
سەبارەت بە بڕیارەکەی پێشتر و ئەمرۆی دادگای باڵای فیدراڵیش گوتی، " ئێمە باسی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی ریفراندۆم ناکەین، دادگەی دەستووری تەفسیری مادەیەکی دەستووری کردووە و ئێمە رێزمان لێ گرتووە. مافی کورد لە دەستووردا جێگیر کراوە و هیچ یاسایەک ناتوانێ دەستکاری بکات. بڕیارەکان دادگای فیدراڵی، ناتوانێ تەمیز بکرێتەوە، بەڵام ئەوان یەکلایەنە بڕیاریان داوە و نوێنەرانی حکوومەتی هەرێم لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار نەبوونە."
دۆخی ناوخۆ
ماوەیەکە چەند لایەنیکی کوردستانی و بەتایبەت بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی داوای دامەزراندنی حکوومەتی رزگاری نیشتمانی دەکەن. (نێچیرڤان بارزانی) وەک پێشتر بۆ جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە خودی حکوومەتەکەی ئێستا، حکوومەتێکی کاتییە.
سەرۆکوەزیران بە رۆژنامەنووسانی گوت، "لە راستیدا تا ئێستا بۆ من روون نییە کە ئەو لایەنانە چیان دەوێ. ئیمە ئامادەین قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەین. ئەو لایەنانە هەموویان لە کابینەی حکوومەتدا ئامادەن و ئەگەر دەیانەوێ وەزیریان بگۆڕن، ئەوە پێمان بڵێن. ئەو حکوومەتە خۆی کاتییە و پابەندین بە خشتەیەکی کاتی تا هەڵبژاردن دەکرێ. ئیمە لەمڕۆوە دەست بە دیتی هیزە سیاسییەکان دەکەین و دواتر بیر لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن دەکەینەوە."
پرسی پاریزگای سلێمانی و دەستبەکاربوونی پارێزگای نوێ، لەو کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەدا رووبەرووی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە و لە وەڵامدا گوتی، "ئێمە بۆ دانان و دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێی سلێمانی، هیچ هەڵوێستێکی سیاسیمان نییە و پابەندین بە دەرکردنی بڕیار لەوبارەیەوە.
کاوە جەم




