"بەبێ پارتی و یەکگرتوو ناتوانرێت پارێزگارێک بۆ کەرکووک دیاری بکرێت"
__2017_11_20_h15m23s33__ER.jpg)
هەولێر-KDP.info- ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆشالیست دیموکراتی کوردستان، (سادق جەباری) دەڵێت، بەبێ پارتی و یەکگرتوو ناتوانرێ پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک دەستنیشان بکرێت.
بە هۆی ناجێگریی بارودۆخی کەرکووک تا ئێستا ئەنجومەنی پارێزگا نەگەڕاوەتەوە و بڕیاری نەداوە لەسەر هیچ کەسێک بۆ پارێزگاری ئەو شارە، لەکاتێکدا کە هێشتا (نەجمەدین کەریم)، پارێزگاری شەرعی کەرکووکە، بەڵام لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە متمانەی لێ وەرگیراوەتەوە. ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک پێی وایە بڕیاری بەغدا سیاسییە، دوای داگیرکردنی کەرکووکیش نە بەغدا نە ئەو لایەنانەی لەناو شاری کەرکووکن، ناتوانن بڕیار بۆ دانانی کەسێک بۆ پارێزگاری کەرکووک دەربکەن، لە دوا هەڵوێستیدا ئەنجومەنی پارێزگا ڕەتی دەکاتەوە، هیچ هەوڵێک بدرێت لەناو شاری کەرکووک بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پۆستە. (سادق جەباری)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، ئێستا (د. نەجمەدین کەریم) پارێزگاری کەرکووکە، ڕاستە ئەو لە دەرەوەی شارەکەیە، بەڵام دواجار ئەنجومەنی پارێزگا ئەو بڕیارە دەدات و دەبێ لیستی برایەتیی کەرکووک کۆ ببێتەوە و کەسێک بۆ پۆستەکە کاندید بکات، کە ئەو پۆستە پشکی یەکێتییە.''
بە بڕوای ئەو سەرکردەیەی سۆسیالیست، پێویستە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ''خۆی یەکلا بکاتەوە و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کاندیدێک دیاری بکات.''
ئاماژەشی بەوە کرد کە بەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک ناکرێت، بۆیە داوای کرد، مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لەم بارەیەوە کۆ ببنەوە.
کارزان سەباح هەورامی




