٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەممەد كەمال: كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە ھەولێر بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك-KDP.info- سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێ، بڕیارە سبەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە ھەولێر بەڕێوە بچێت و لە كەركووك ئەنجام نادرێت، چونكە داگیر كراوە.

ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە پشكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان باسی لەوە كردووە، بڕیارە سبەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە كەركووك بەڕێوە بچێت و لە ھەولێر ئەنجام نادرێت، چونكە عەرەب و توركمان بەشداری ناكەن.

لەو بارەیەوە (محەممەد كەمال)، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "داوامان كردووە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە شاری ھەولێر ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەیش ھەموو ئامادەكارییەك كراوە و ھۆڵیشی بۆ تەرخان كراوە".

(كەمال) گوتیشی، "زۆر ئاساییە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە ھەولێر بكرێت، چونكە چەندین جار كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای ڕەمادی لە بەغدا كراوە و كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە دھۆك كراوە، بۆچی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك نییە لە ھەولێر كۆ ببێتەوە؟ لە كاتێكدا كەركووك داگیر كراوە و حوكمی سەربازی بەڕێوەی دەبات، بۆیە ئێمەیش ئامادە نین بگەڕێینەوە ژێر حوكمی سەربازی.

سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك باسی لەوەیش كرد، "ئەگەر كۆبوونەوە لە كەركووك بكرێت، ئێمە بەشداری تێدا ناكەین".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار