٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەشتی نەینەوا.. حەشدی شەعبی بە زۆر كوردەكان دەكەنە عەرەب

سەرچاوە: KDP.info

 

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٤ـی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای مووسڵ ئێستا سەرژمێرییەك ئەنجام دەدەن، فۆڕمێك بەسەر خەڵكیدا دابەش دەكەن و ھەموو نەتەوە و پێكھاتەكان ناچار دەكەن لە بڕگەی نەتەوەدا بنووسن عەرەب.

(عیسمەت رەجەب)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "راستە حەشدی شەعبی لە سنووری رەبیعە، زوممار و شنگال دەستیان بە كشانەوە كردووە، بەڵام تا ئێستا ھۆكاری كشانەوەكە دیار نییە، چونكە ماوەیەك پێش ئێستا ئەمەریكا باسی لەوە كردبوو كە پێویستە حەشدی شەعبی لە سنووری مووسڵ بكشێتەوە.

لەبارەی ئەو پێشێلكاریانەی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا ئەنجامی داون، (رەجەب) گوتی، "ئەوەی گرینگە لای ئێمە ھەردوو لیوای ٣٠ و ٥٠ـی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا بكشێنەوە، چونكە ئەوان پێشێلكاریی زۆریان لە دەشتی نەینەوا ئەنجام داوە و بەردەوامیشن، بۆیە پێویستە ئەمانە بكشێنەوە و ناوچەكە چۆڵ بكەن".

بەرپرسی لقی ١٤ـی پارتی گوتیشی، "ئێستا بە مەبەستی بەعەرەبكردنی ناوچەكە، سەرژمێرییەك ئەنجام دەدەن و فۆڕمێكیان ئامادە كردووە كە چەند خاڵێك لە خۆ دەگرێت، لەوانە خاڵێك ھەیە ئەو خەڵكەی لەو ناوچانە نیشتەجێن چ پێكھاتە و نەتەوەیەكن، بۆیە ئەوانەی فۆڕمەكەیان پێ پڕ دەكەنەوە بە تایبەت كوردەكان، ناچاریان دەكەن بنووسن عەرەبین نەك كورد، ئەمەیش مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەر داھاتووی ناوچەكە و پێویستە رێگرییان لێ بكرێت، چونكە ئەوان ھەموو ھەوڵێك بۆ بەعەرەبكردنی ناوچەكە دەدەن".

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار