د. مەحموود: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سیاسییە.. لە دەستووردا نەنووسراوە ڕیفراندۆم ئەنجام نهدرێت

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەپێی ماددەی یەكی دەستووری عێراق نادەستوورییە و دەبێت هەڵوەشێندرێتەوە، كەسایەتییەكی سیاسییش كە لە نووسینەوەی دەستووردا بەشدار بووە، ئەو بڕیارە بە سیاسی ناو دەبات و دەشڵێت، هیچ كەس و لایەنێك توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكەی نییە.
دكتۆر (مەحموود عوسمان)، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، "بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عێراق، بڕیارێكی سیاسییە بە سوودی حكوومەتی عێراق دراوە، چونكە لە هیچ بەندێكی دەستووری عێراقدا باس لە ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم نەكراوە".
دادگای فیدراڵی بە پشتبەستن بە ماددەی یەكی دەستووری عێراق، كە دەڵێت "كۆماری عێراق دەوڵەتێكی فیدراڵیی سەربەخۆیە، خاوەن سەروەریی تەواوە كە سیستمی حوكمڕانی تێیدا كۆماریی پەرلەمانیی دیموكراتییە، ئەم دەستوورە گەرەنتیی یەكێتیی عێراقە"، ئەو بڕیارەی داوە، لەو بارەیەیشەوە دكتۆر (مەحموود) پێی وایە، تەفسیری هەڵە بۆ ماددەكە كراوە، كاتێك ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی یاسایی و دەستووری دەبوو، كە ماددەكە وشەی پارچەنەكردن، یان جیانەبوونەوەی تێدا بووایە.
دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ناوەند و پارێزگاكان و چەندین پرسی گرینگ دامەزراوە، لە ٩ ئەندام كە دووانیان كوردن پێك هاتووە، بڕیارەكانیش بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكان دەبێت بە پێی دەستوور بێت، یان بە زۆرینەی دەنگ، یانیش بە رێككەوتنی خوێندنەوەی دروست بۆ ماددە دەستوورییەكان، بەڵام (مەحموود عوسمان) بۆچوونی وایە، ئەوان بڕیارەكەیان خوێندنەوەیەكی سیاسییانەی بەرژەوەندیی خۆیانە بۆ ماددە دەستوورییەكان، "لە دەستووردا بە هیچ شێوەیەك ماددەیەك نەنووسراوە، كە نابێ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدرێت".
لە دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان لە ٢٥ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دا و نزیكەی ٩٣%ـی دەنگەكان بە بەڵێ بوون، بەغدا چەندین هەوڵ و بڕیاری نادەستووری و نایاسایی دژ بە هەرێمی كوردستان دا، ئەوەیش بە مەبەستی لاوازكردنی هەرێم بوون، دوابڕیاریشیان ئەمڕۆ لە رێی دادگای فیدراڵییەوە بوو، گومانیش دەكرێت كە لە داهاتوودا بڕیاری تریش بدرێن، وەك (عوسمان) گوتی: "هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم پێویستە بە ریفراندۆمێكی تر بێت، چونكە لە ڕووی یاساییەوە، تەنیا گەل دەتوانێت بڕیاری خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، كە ئەوەیش ناكرێت، لەوانەیشە بە دوای ئەم بڕیارەیشیاندا بڕیاری تریش دەربكەن".
(مەحموود عوسمان) هۆكاری دەركردنی ئەو بڕیارە نادەستوورییانەی بەغدا دژ بە هەرێم لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە، بۆ پاڵپشتیكردنی وڵاتانی ئێران و توركیا بۆ ناوەند و بێدەنگیی وڵاتانی نێودەوڵەتی دەگێڕێتەوە، "سوودیان لەوە وەرگرتووە، ئەوانیش بە كەیفی خۆیان هەر جارە و بڕیارێكی نایاسایی دژ بە ئێمە دەردەكەن".
هەرچەندە هەوڵێكی جیددیی وڵاتانی زلهێز بۆ دانوستانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئارادایە، بەڵام ناوەند تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی ئەرێنیی بۆ دەسپێكردنەوەی گفتوگۆكان بە ئاڕاستەی نەهێشتنی گرژییەكان و چارەكردنی كێشەكان نەناوە، بە رای (دكتۆر) ئەم بڕیارەیش دەبێتە هۆكارێك بۆ قوڵكردنەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند، وەك لەوەی هۆكارێك بێت بۆ نزیكبوونەوە لە گفتوگۆكان.
ناوبراو پێی باشە كە لایەنە كوردستانییەكان واز لە ناكۆكییەكانیان بێنن و پێكەوە لە رێی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمەوە كۆ ببنەوە و ئالییەتێك بۆ وەڵامدانەوەی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی دابنێن.
خێڵان بەختیار




